پێنج هاووڵاتیی کورد ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران

10:47 - 26 رێبەندان 2720

ڕۆژی شەممە ۲٥ ڕێبەندان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حوسێن گەردشی، شەپۆل خزری و فەرهاد مووساپوور"، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زندانی ئەو شارە، ڕاگوێزران.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ۲۱ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سۆران حوسێن‌زادە و سیروان نووری"، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزران.

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانبار، شەپۆل خزری و سیروان نووری، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سالار ڕەهەوی، دەریا تاڵبانی و ئەفشین مام‌ئەحمەدی"، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە مەهاباد، دەسبەسەر کرابوون.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، سۆران حوسێن‌زادە کە کاری شانۆ دەکات، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کرابوو.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە لە مەهاباد، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، فەرهاد مووساپوور لەگەڵ براکەی فەرەیدوون مووساپوور و بەهمەن یووسف‌زادە لە شاری ڕەبەت لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

فەرهاد مووساپوور، مامۆستای زمانی ئینگلیسی لە فێرگەی زمانی ئینگلیسیی "ڕێزمانـ"ـە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار، حوسێن گەردشی خەڵکی شاری بۆکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کرابوو.