پێنج هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران

18:16 - 19 رێبەندان 2720

ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕیبەندان، پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەسووڵ لاوازە، شۆڕش ئەحمەدی، کەریم مووساخەلیفانی، سەلام مووساخەلیفانی و حیسامەدین خزرزادە"، خەڵکی پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

ئەو پێنج هاووڵاتییە، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەیان، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوون.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، ڕەسووڵ لاوازە کوڕی محەممەد و خەڵکی شاری پیرانشار لە شوێنی کارەکەیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکانی ناوبراو، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووەوە سەر گوندی "کانی بوداغ" سەر بە پیرانشار و کەریم خەلیفانی کوڕی سلێمان، سەلام مووساخەلیفانی کوڕی سلێمان و حیسامەدین خزرزادە کوڕی ڕەسووڵیان دەسبەسەر کردبوو.

هاوکات ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، شۆڕش ئەحمەدی کوڕی محەممەد و خەڵکی پیرانشار، لە سێڕێیانی شاری میاندواو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو پێنج هاووڵاتییە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و دواتر بۆ لێپرسینەوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوون.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو پێنج هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.