پشتیوانی لە سامان نەسیم، پێی نایە قۆناغێکی نوێوە

14:55 - 29 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانی لەسێدارەدانی سامان نەسیم، پشتیوانیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی، سیاسی و رۆژنامەنووسان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لەو زیندانییە سیاسییە رووی لەزیادبوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی مەدەنی، سیاسی، کۆمەلایەتی، مافی مرۆڤ و فەرهەنگی بە بلاوکردنەوەی بەیاننامەی جیا جیا، نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری جیبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم، زیندنایی سیاسیی کورد لە زیندنای ورمێ راگەیاند.

فیدرواسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ و رێکخراوە ئێرانییەکانی ئەندامی ئەو فیدراسیۆنە، کۆمەڵگەی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ لە ئێران و ئەنجوومەنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە بلاوکردنەوەی بەیاننامە، داوایان لە لێپرسراوانی حکوموەتی ئیسلامی کردووە، حوکمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم رابگرن و حوکمەکەشی، کە بەپێی مافە نێونەتەوەییە مرۆڤ دۆستەکان نایاساییە، هەڵبوەشێننەوە.

\"24840.jpg\"
عەبدولکەریم لاهیجی: بەردەوامیی زیندانی کردن و هەلسووکەوتی نەشیاو لەگەڵ سامان نەسیم جێگەی پەسند نییە و پێشێلکاریی مافە نێونەتەوەییەکانە
عەبدولکەریم لاهیجی، بەرپرسی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رێکخراوە مافی مرۆڤییەکان، دەڵێت؛ \"بەردەوامیی زیندانی کردن و هەلسووکەوتی نەشیاو لەگەڵ سامان نەسیم جێگەی پەسند نییە و پێشێلکاریی مافە نێونەتەوەییەکانە. حوکمی لەسێدارەدانی سامان دەبێ بە زووترین کات هەڵبوەشیتەوەو بە شێوەی عادڵانە و بەپێی یاسا نیونەتەوەییەکان دادگەیی بکرێتەوە\".

هەروەها ٢١ ٢١ زیندانیی سیاسیی لە گەوهەردەشتی کەرەجەوە لە نامەیەدا خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم بوون.

لەبەشیک لە نامەی ئەو ٢١ زیندانییە سیاسییەدا هاتووە: دەزگای لەسێدارەدانی ئەم حکوومەتە بێ بەزەییە و دژە مافی مرۆڤی و هەموو بایەخە دێمۆکراتیک و ئینسانییەکان زۆر بە خێرایی کار دەکات و بە شێوەی نێونجی لە هەر رۆژێکدا نزیک بە ٣ کەس لەسێدارە ئەدات، بە شێوەیەک کە بەپێی حەشیمەتی ئێران لە نێو هەموو وڵاتاندا پلەی یەکەمی هەیە، بەڵام لە بواری ئازادیی رادەربڕیندا، لە پلەی ١٧٣ی وڵاتانی جیهاندایە! رۆژ نییە کە دەزگای قەزایی بە بیانووی جۆراوجۆر حوکمی سێدارە دەرنەکات و هەموو رۆژێک ژمارەی زیندانیانی مەحکووم بەسێدارە زیاد دەکات و پەتی سێدارە لە ئێراندا رۆژ لەدوای رۆژ ئەستوورتر دەبێت.

واژۆکارانی ئەم نامەیە وێڕای مەحکووم کردنی حوکمی نامرۆڤانەی لەسێدارەدان، بۆ رزگارکردنی گیانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، داوای یارمەتی و پێراگەیشتنیان لە ئەحمەد شەهید کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک لە چالاکانی مافە مەدەنییەکانی کوردستان لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، روو لە وەزیری ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی، خوازیاری راگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم بوون.

لەبەشیکی ئەو نامە سەرئاوەڵایەدا هاتووە؛ \"جەنابی وەزیر، پەرە سەندنی بەردەوام، بەستراوەتەوە بە ئەمنەیتی بەردەوام، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە کوردستاندا و دوای شەڕ بیندرا، نە ئەمنیەتی بەردەوامە و نە نائەمنیی لە مانا گشتییەکەیدا، بەڵکوو مودێلێکی تایبەتییە کە زیاتر وەکوو \"نائەمنییەکی پلان بۆ دارێژراو\" بەرچاو دەکەوێت، کە تیایدا بەردەوام بەستێنێکی بچووکی ئەمنی دروست بووە، کە لە ژێر سیبەری ئەوەدا و پاش تێپەڕینی چوار دەیە لە شۆڕشی ٥٧، دوو لایەن لەسەر خواستە کۆمەڵایەتییەکانیان پێداگرن و هەتا ئێستاش هیچ گۆڕانێک لە ئارایشی هێزە سیاسییەکاندا نەبیندراوە.

\"24841.jpg\"
واژۆکارانی ئەم نامە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی سامان نەسیمن
واژۆکارانی ئەو نامەیە، داوایان لە وەزیری ئیتلاعات کردووە، کە بە راگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم، دەرفەتێکی دیکە بۆ ئاشتی، ئەمنیەت و برایەتیی راستەقینە بڕەخسێنن.

خالید تەوەکولی، عەبدوڵڵا سۆهرابی، محەمەد محەمەد رەزایی، سەعد قازی، سیاوەش حەیاتی، مووسا ئومیدی، نەسیبە سوبحانی، عەزیز ناسری، کەماڵ حوسینی، ئازاد نمەکی و موختار زارعی، واژۆکارانی ئەو نامەیە بۆ محەمەد عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی بوون.

لەو پەیونەدییەدا، زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بە واژۆکردنی بەیاننامەیەک سەبارەت بە ئەگەری لەسیدارەدانی حوکمی لەسێدارەدانی سامان نەسیم زیندانیی سیاسیی کورد ناڕەزایەتییان دەربڕیوەو خوازیاری هەڵوێستی خێرای ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بوون.

بەیاننامەی ئەو چالاکانە، کە لە لاپەڕی فەیسبووکی پشتیوانی لە سامان نەسیم بڵاوبۆتەوە، داوایان لە لێپرسراوانی حکوموەتی ئیسلامی و بەتایبەت لێپرسراوانی قەزایی کردووە، کە حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە رابگرن.

سامان نەسیم زیندانیی سیاسیی کورد، لە رێکەوتی ٢٤ی مانگی پووشپەڕی سالی ٩٠ی هەتاویدا و لە تەمەنی ١٧ سالیدا دەستبەسەر کرا و لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی \"موحاربە\" حوکمی لەسێدارە درانی بۆ برایەوەو ئەو حکمەش لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە.

سامان نەسیم، ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە مەریوان لەدایک بووەو مانگی پووشپەری سالی ٩٠ و لە کاتێکدا تەنیا ١٧ سال تەمەنی بوو، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداراندا لە سنووری سەردەشت دەستەبسەر کرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپا لە ورمێ لە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو، کە دواتریش گوازرایەوە بۆ زیندانی مەهاباد.

ناوبراو لە کۆتاییدا بە تۆمەتی موحاربە، لە رێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکدا، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سێدارە مەحکووم کراو ئەو حوکمەش لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواو لە مانگی سەرماوەزی سالی ٩٢ی هەتاویدا لە لقی ٣٢ی دیونی باڵای وڵاتەوە وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.