پشتیوانیی زیندانییانی سیاسیی رەجایی‌شار لەكۆبانی

14:08 - 30 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: چوار كەس لە زیندانییانی سیاسی لەزیندانی رەجایی شاری كەرەج وێڕای مەحكووم كردنی كردەوەكانی \"داعش\" پشتیوانیی خۆیان لە خۆڕاگریی كۆبانی دەبڕی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، چوار زیندانی سیاسی بە نووسینی دروشمی \"ئێمە هەموومان خەڵكی كۆبانین\"، خۆڕاگریی خەڵكی کۆبانییان بەرز نرخاند و هاوكاتیش داوایان لە وڵاتە زلهێزەکان كردووە رێز لە خەبات و تێكۆشانی كۆبانی بگرن.

ئەفشین حەیرەتیان، وەحید ئەسغەری، بێهنام ئیبراهیم زادە و خالید حەردانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییەن كە لەناو بەندی ٤‌ی ساڵۆنی ١٢‌ی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەجەوە بە نووسینی دروشم پشتیوانیی خۆیان لە خەڵكی كۆبانی دەربڕیوە.

پێشتریش لە مانگی رەشەمەی ١٣٩٢‌دا ئەو چوار زیندانییە هاوڕێ‌لەگەڵ ٨ زیندانی دیكەی رەجایی شار، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەردانی كاترین ئاشتۆن بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا بۆ ئێران و هەروەها \"كەمتەرخەمیی رۆژئاوا لەهەمبەر كارنامەی مافی مرۆڤ\"ـی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەی سێ‌رۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.

\"22802.jpg\"
عەلی مورادی و كەماڵ شەریفی دوو زیندانی سیاسیی كورد لە گرتووخانەی \"میناب\"
هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ١٦‌ی رەزبەریش ١٥ كەس لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندی ورمێ،‌لە نامەیەكدا وێڕای پشتیوانی كردنیان لە خەڵکی كۆبانی، رایانگەیاندبوو: هاوخەمی و پشتیوانی لەكۆبانی ئەركی هەر تاكێكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستە.

دوو زیندانی سیاسیی دیكەی كوردی دەستبەسەر لە گرتووخانەی \"میناب\" بە ناوەكانی كەماڵ شەریفی و عەلی مورادی ( مانگی رەزبەر) پشتیوانیان لە خۆراگری و خەباتی كربانی كردبوو و بۆ ماوەی سێ‌رۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.

ژمارەیەك لە زیندانیانی سیاسیی دیكەی كوردیش لە گرتووخانەی یەزد پەیوەست بە رەوتی پشتیوانی زیندانییەكان لەكۆبانی ببون و بۆ ماوەیەك مانیان لەخواردن گرتبوو.