پرۆژەی گواستنەوەی ئاو لە چوارمەحاڵی بەختیارییەوە بۆ کرمان ڕاگیرا

16:15 - 26 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: پرۆژەی گواستنەەی ئاو لە پارێزگای چوار مەحاڵی بەختیارییەوە بۆ شاری ڕەفسنجان لە پارێزگای کرمان بە دەستێوەردانی یەگانی پارێزگاری کردن لە ژینگە پارێزی ڕاگیرا.

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی حکوومەتیی مێهر، هێزەکانی یەگانی پارێزگاری لە سەرچاوە سروشتییەکان و ڕێکخراوی ژینکەپارێزی، بە هۆی نەبوونی مۆڵەت بە شێوەی کاتی ئەو پرۆژەیان ڕاگرت.

\"29796.jpg\"
\"چشمه علی\" شارستانی بروجن
بەپێی ئەو ڕاپۆڕتانە، ئەو پرۆژەیە نەتەنیا لە ژووری هەڵسەنگاندنی ژینگەپارێزی، مۆڵەتی دەستبەکاربوونی وەرنەگرتووە، بەڵکوو بە وتەی بەرپرسانی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی، تەنانەت داوکارییەکەیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو پرۆژەیشەوە وەر نەگیراوە.

شاری ڕەفسنجان خاوەنی هەزاران هێکتار باخی پستەیە کە کەڵک وەرگرتنی بێ سەروبەرە لە سەرچاوە ئاوییەکان بۆ پەرسەندنی باخەکانی پستە، بووەتە هۆی ئەوەی دەشتی ڕەفسنجان ببێتە یەکێک لە قەیراناوی‏ترین دەشتەکانی ئێران.

دانیشتوانی زاگرۆس لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا، شایەتی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی چالاکانی ژینگەپارێزی بە هۆی گواستنەوەی ئاو لە پارێزگاکانی کوردستان بۆ پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران بوون.

لووڕەکان لەو باوەڕەدان لە پارێزگا ناوەندییەکان، بە پشتیوانیی حکوومەتی ئێران، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا هەتا ئێستا، گواستنەوەی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەویی زاگرۆس، بۆتە هۆی پەرەسەندنی شار و گوندەکانی ناوەند و لەو نێوەدا تەنیا بەرفراوان بوونەوەی ڕووبەری دەشتەکان و لە نێوچوونی سەرچاوە ئاوییەکان، بووەتە بەشی دانیشتوانی زاگرۆس.

پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی \"گلاب\" و \"بهشت ‌آباد\" دوو گەڵاڵەی پەسەند کراو لەو ڕاستایەدان، کە سەرەڕای لە ناوچوونی بەشێکی گەورەی لێڕەوارەکان و گۆڕینی \"ئێکۆسیستم\"ی زاگرۆس، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوەکانی پارێزگاکانی کوردستان.