پرسی کورد تەوەرەی سەرەکیی راپۆرتی ساڵانەی ئەحمەد شەهید بوو

20:05 - 1 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەحمەد شەهید ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر پرسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، پێشکەشی کومیتەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رێکەوتی ١ی خەزەڵوەر بەرامبەر بە ٢٣ی مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵ، ٦٨ مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، بەڕێوە چوو.

ئەم راپۆرتە دووەمین راپۆرتی ئەحمەد شەهید لە ماوەی یەک ساڵی رابردووی زایینی و هەروەها یەکەمین راپۆرتە کە لە پاش دەستبەکار بوونی دەوڵەتی حەسەن رۆحانییەوە بڵاو دەکرێتەوە.

سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، کە ئەم راپۆرتەی ئەحمەد شەهید سەرجەم حاڵەتەکانی مافی مرۆڤی لە وڵاتی ئیران لە خۆ نەگرتووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییان دراوەتەوە و ئەمەش دەرخەری ئەوە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پابەندی بەڵێن‌نامە نیو دەولەتییەکان نەبووە.

\"16279.jpg\"
پرسی کورد، کۆڵبەران و ناوچە مین‌رێژ کراوەکان یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاورباری مافی مرۆڤ لە ئێران بوو کە لە کۆڕی گشتیی رێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش کرا.

لە دڕێژەی ئەو باسەیدا هاتووە کە هێزە نیزامییەکانی سەر سنوور تەنانەت بێ لە بەرچاوگرتنی یاسا ناوخۆیییەکانی ئێرانیش ، کۆڵبەرانی کورد ڕەشەکوژ دەکەن.

ئەحمەد شەهید لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە لە سێدارەدانی ٧٢٤ کەس (لە مانگی ژانویەی ٢٠١٢ی زایینی هەتا مانگی ژوئەنی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی‌)دا کرد، کە لە کۆی ئەو رێژەیە تەنیا ١٣٥ حاڵەتیان لە میدیا حکوومەتییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە.

\"16278.jpg\"
لە بەشێک لە راپۆرتەکەیدا باسی دەستبەسەر کردنی رۆژنامەنووسان لەوانە برایانی کوردپوور و داخستنی سەدان وێبلاگ و رۆژنامە و سەرکوتی کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکان لە ئێران‌دا کرد.

ئەحمەد شەهید هەروەها ئاماژەی بە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لەنێو زیندانەکانی ئێرا‌دا کردووە و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە کەمیی ئیمکاناتی پزیشکی و پێویستیی چارەسەریی پزیشکی بۆ زیندانیان دەربڕیوە.

رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران باسی لە پرسی کۆڵبەرانی کورد کرد و رایگەیاند، لەماوەی یەک ساڵ دا، زیاتر لە ٧٠ کۆڵبەری کورد لە ناوچەکانی \"کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا\" بە تەقەیە هێزە نیزامییەکان کووژراون و ٦٨ کەسیش برینداربوونە.

هەروەها ئەحمەد شەهید بە پشت بەستن بە ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ رایگەیاندووە، \"لە ئوستانەکانی کرماشان، ئیلام، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا و هەروەها ئوستانی خوزستان ٢٠ میلیۆن مینی دژە نەفەر بونی هەیە.

هاوکات ئەەشی خستووەتەروو، کە رۆژانە لاینیکەم ٢ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینی دژە نەفەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوای ئێران گیان لەدەست ئەدەن و لەسەدا ٤٠ی قوربانییانی مینی دەژە نەفەر منداڵانی تەمەن ژێر ١٤ ساڵ پێکی دێنن.