پارێزەرانی کرماشان: سەربەخۆییمان هەرەسی هێناوە

14:57 - 9 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: دۆخی پارێزەرانی پارێزگای کرماشان بە هۆی هەڵسوکەوتی دادگاکان لە قەیراندایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زەوت کردنی سەربەخۆیی و وێران کردنی جێگە و پێگەی پارێزەران، لە گرینگترین پەرۆشییەکانی کۆمەڵگای پارێزەران لە کرماشان هەژمار دەکرێن.
لێژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پارێزەرانی دادگوستەریی کرماشان وێڕای ئاماژەدان بە کەموکۆڕییەکان و کێشەکانی بەردەم پارێزەران، کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای کرماشانیان لە دۆخی ئەم توێژە ئاگادار کردەوە.

لە دیداری ڕۆژی ڕابردوودا، دادگاکانی سەر بە دەزگای دادوەری، وەک پێشلکەرانی سەرەکیی سەربەخۆیی و جێگە و پێگەی پارێزەران باسیان لێ کرا.

بە وتەی پارێزەرانی کرماشان؛ پشکنینی گیرفان و جانتا، وەرگرتنی مۆبایل و... شکۆی پارێزەران دەشکێنێت و ئەم کردەیەی دادگاکان بە پێچەوانەی ناوەرۆکی پارێزەرایەتییە.

چوونەسەری تێچووی دادڕەسی، شێواندنی سیمای پارێزەران لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان، و نەدانی پارەی خەزێنەی دەوڵەت بە پارێزەران، لەو کێشە و پرسانە بوون کە ئێوارەی ڕابردوو باسیان لێوە کراوە.

مادەی ٤٨ی یاسای دادڕەسیی سزادان (کیفری) تێبینی کردەوە کە؛ لایەنەکانی کێشە لە تاوانە \"ئەمنییەتی\" و \"ڕێکخراو\"ـه‌ییەکان، تەنیا لەنێو پارێزەرانی جێی پەسندی دەزگای دادوەری دەتوانن پارێزەر بۆ خۆیان دیاری بکەن.

ئامارە فەرمییەکان باس لە بوونی زیاتر لە ٦٠ هەزار پارێزەر لە ئێراندا دەکەن، کە لەوانە ڕێژەیەکی کەمیان ژنن و توانیویانە تێکەڵ بە بازاری کاری پارێزەران ببن.