پارێزەرانی دادگوستەری لە نامەیەکدا بۆ رۆحانی: سەردەشت وەکوو شاری ئاشتی بناسرێت

21:11 - 6 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ١٠٠ پارێزەری دادگوستەری لە نامەیەکدا بۆ سەرکۆماری ئێران، خوازیاری ناساندنی سەردەشت وەکوو \"شاری ئاشتی\" بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەاڵدەریی کوردپا، ١١٣ پارێزەری دادگوستەریی ئێران لە نامەیەکدا بۆ حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران رایانگەیاندووە: دەوڵەت دەبی پشتیوانی یاسایی لە بەرکەوتوانی کیمیابارانی سەردەشت بکات.

لەو نامەیدا هاتووە: پاش تێپەربوونی پێنج ساڵ لە پەسەندکرانی یاسای دەوڵەت لە هەمبەر شناسایی کەم‌ئەندامانی کیمیابارانی سەردەشت تا ئیستا هیچ هەوڵێک بۆ بەرێوەبردنی ئەو یاسای ەو هەروەها دامەزراندنی کۆمیسیونێک بۆ دیاری‌کردنی رێژەی کەم‌ئەندامەکان لە تەواوی ناوچە کوردنشینەکان بە تایبەت سەردەشت، بانە، مەریوان، نۆدشە، پاوە، کرماشان، نەوسوود، زەردە و گیلانغەرب جێبەجێ نەکراوە.

لە درێژەی ئەو نامەیەدا راگەیەندراوە کە بەشێکی هەرەبەرچاوی بەرکەوتوانی کیمیابارانەکان وێڕای ئەوەی کە تەنانەت رێژەی کەم‌ئەندامیان دیاری نەکراوە و هیچ پشتیوانیەکی ماڵییان لێ ناکرێت، خۆیان دەبێ پارەی دەوا و دەرمانەکانیان دابین بکەن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا هاتووە، داوی کۆتایی هاتنی شەڕ، دەوڵەت هیچ تێبینیەکی سەبارەت بە پێویستیی بەدواداچوونی مافی قوربانیانی شەڕ لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان نەبووە و تەنیا هەوڵێکی قەزایی کە لەو بارەیەوە دراوە سکاڵای ئەنجومەنە ناحکوومەتیەکان بووە بۆ بەرگری لە مافی کەم‌ئەندامانی کیمیابارانی سەردەشت لە دادگای لاهەی هولەند کە مەحکووم‌کرانی هاووڵاتیەکی خەڵکی هولەندی لێ کەوتەوە.

پارێزەرانی دادگوستەریی ئێران لە درێژەی نامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە داوە: ئێستا لە بەرەبەری رۆژی خەبات لەگەڵ چەکە کۆمەڵکوژەکان و ٢٨ـەمین ساڵوەگەری کارەساتی کیمیابارانی شاری سنووریی سەردەشت داین، ئێمەی پارێزەرانی دادگوستەری بە کۆکردنەوەی ئیمزا لە نامەیەکدا وێڕای دووپاتکردنەوە لەسەر ئەوەی کە شاری سەردەشت وەکوو شاری ئاشتی بە دونیای دەرەوە بناسرێت، داواکاری تۆمارکردنی سکاڵای کەم‌ئەندامانی کیمیاباران لە ناوەندە قەزاییە نێودەوڵەتییەکانین و هەروەها خوازیاری وەرگرتنی قەرەبوو لە دەوڵەتی عێراق و هەروەها ناساندنی و دابین‌کردنی مافی یاسایی بۆ تەواوی کەم‌ئەندامانی شەڕ لە ناوچە شەڕ لێدراوەکانین.

هەر لەو پەیوەندییەدا و ماوەیەک پێش، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی شاری سەردەشت هەوڵی ناساندی شەردەشتاین وەکوو شاری ئاشتی دا و لە بەیاننامەیەکدا لە خەڵکی کوردستان و چالاکانی مەدەنیی کورد کردبوو کە لەو رێگەیەدا لەگەڵ ئەوان هاوهەنگاو بن تا سەردەشت وەکوو \"شاری ئاشتی\" بناسرێت.

رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، شاری سەردەشت لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومان کراو لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی پاش کیمیابارانەکەدا ١٤٠ کەس بەهۆی ئەو چەکەوە گیانیان لەدەست دا.