پارێزگاری هەولێر سەردانی "بێهزاد (محەممەد) مەحموودیـ"ـی لە نەخۆشخانە کرد
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١ی جۆزەردان، ئومید خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسیی هەولێردا، سەردانی "بێهزاد مەحموودیـ"ـی، کرد كە چەند ڕۆژ پێش لە بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا خۆی سووتاندبوو.
پارێزگاری هەولێر لە پەیچی کەسیی خۆیدا نووسیوویەتی: "لەو سەردانەدا، لەنزیکەوە لە بارودۆخ و تەندروستیی ئەو پەنابەرە کوردەمان پرسیوە و هیوای سڵامەتییمان بۆی خواستووە و ئامادەیی هەر هاوکاری و ئاسانکارییەکمان بۆ چارەسەرکردنی دەربڕیوە".
ئومید خۆشناو هەروەها نووسیوویەتی: "تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە هەرگیز واهەست نەکات کە ئەو بێ کەسە لەو شارە و کەسی نییە، ئێمە کەسوکاری ئەوین و بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە هەر پێویستیەکی هەبێت ئەنجامی بدەین بۆ چارەسەرکردنی".
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ، دوو پەنابەری سیاسیی کورد بە ناوەکانی "بێهزاد (محەممەد) مەحموودی" خەڵکی بۆکان و "فەردین گرامی" خەڵكی نەغەدە لە بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر دەستیان دابووە مانگرتن.
لەو مانگرتنەدا "بێهزاد مەحموودی" بەهۆی ئەوەیکە وڵامی داواکارییەکانی لەلایەن ئەو ڕێکخراوەیە نەدرابوویەوە ئاگری لەخۆی بەرداوە.