وەزارەتی ئیتلاعات سەرقاڵی ڕەشبگیری لە کوردستانە

14:38 - 17 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا نیزیک بە ٢٥٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.

ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو هێزە سپایی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی ڕەشبگیری لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانن و بەپێی هەندێک ئامار تا ئێستا نیزیک بە ٢٥٠ هاووڵاتی کورد لە چەندین شاری کوردستان دەستبەسەر کراون، کە تۆمەتی وەپاڵ دراوی زۆربەیان پێوەندی لەگەڵ حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەندراوە.

جیا لەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون، دەیان کەسی دیکەش بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە یان هۆشدارییان پێدراوە.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە خراونەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمبارەوە ئاشکرای کردووە کە؛ \"گرتن و ئەشکەنجەدانی ئەم هاووڵاتییانە دوابەدوای دەسپێکردنی قۆناغی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵات ناسراو بە \"ڕاسان\"ە کە کۆماری ئیسلامی بەتەواوی مانا زەندەقی لێی چووە و لە هەموو بارێکەوە هەوڵ دەدات پیش بە کاریگەرییەکانی بگرێت\".

بە وتەی ئەم ماڵپەرە یەکێک لەو ڕێکارانەی کە ڕێژیمی تاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕاسان گرتوویەتەبەر بریتییە لە گرتن و ئازاردانی هاووڵاتییانی کورد.

زۆربەی ئەم گیران و دەستبەسەرکردنانە لە شارەکانی سەقز، سنە، کامیاران، بۆکان، دیواندەرە، مەهاباد، قوروە، کرماشان، شنۆ و پیرانشار بووە.