وەزارەتی ئیتلاعات ٣ خوێندکاری کوردی لە خوێندن بێبەش کرد

18:48 - 13 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ ئەندامی مەکتەب قورئان، کەلە قۆناغی کارناسیی باڵادا سەرقاڵی خوێندن بوون، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ کەس لە دەرچووانی تاقیکردنەوەی کارناسیی باڵا بۆ ساڵی ٩٣، بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، رێکەوتی ١٨ و ١٩ی پووشپەڕی ئەمساڵیش بەهۆی بیروباوەڕ و پەیوەندیی تەشکیلاتی لەگەڵ مەکتەب قورئان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوون.

\"24511.jpg\"
پووریا مەردۆخ رۆحانی - ئەرشەد ئەندازیاری میکانیک، ئەحمەد قوڕەیشی – ئەندازیاری برق و رەشاد هوژەبری
شوناسی ئەو سێ خوێندکارە کوردە، پووریا مەردۆخ رۆحانی - ئەرشەد ئەندازیاری میکانیک، ئەحمەد قوڕەیشی – ئەندازیاری برق و رەشاد هوژەبری راگەیەندراوە.

رێکخراوی تاقیکردنەوەکانی وڵاتی ئێران، سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لە رێگەی بەشی هەڵبژاردنەکانییەوە ئەو سی خوێندکارەی ئاگادار کردبوویەوە کە لە بواری زانستییەوە وەرگیراون، بەڵام ئیتلاعات رەزامەندیی لەگەڵ وەرگیرانی ئێوە دەرنەبڕیوە.

دەگوترێ، کە بە میدیایی نەکردنەوەی ئەم بابەتە لەسەر تێبینی مەکتەب قورئان بووە، بەڵام هەتا رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٢ی رێبەندان چارەنووسی ئەو سێ خوێندکارە بۆ وەرگیران ناڕوون بووەو وڵامی رێکخراوی وەرگیرانیش نەرێنی بووە.

ئەو سێ خویندکارە کوردە، هەتا ئێستا ٢ جار ناڕەزایەتییان بە حوکمی بێبەری بوونیان لە خوێندن، دەربڕیوە، بەڵام هەر دوو جارەکە نارەزایەتییەکەیان رەت کراوەتەوە.