وەزارەتی پەروەردە ئاوڕ لە قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ناداتەوە

14:52 - 24 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: لە زۆربەی قوتابخانەکانی مەریوان و سەوڵاوا ئیمکاناتی سەرەتایی بۆ قوتابیان بوونی نییە، بە شێوەیەک بوونی سەرەتایی‌ترین ئیمکانات بۆتە حەز و خولیا.

نوێنەری خەڵکی شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە مەجلیسی ئێران رایگەیاندووە، \"بەداخەوە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کوردستان لەمەڕ پێداویستییەکانی خەڵکی ناوچە پەراوێزخراوەکان ئەوپەڕی کەمتەرخەمی نیشان دەدات و پێڕانەگەیشتن بەم مەسەلەیە، بەردەوام جێگەی گلەیی و گازندەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بووە\".

\"11074.jpg\"
ئومید کەریمیان
\"ئومید کەریمیان\" لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیلنا\"، رەخنەی لە هەڵسوکەوتی نابرپرسانەی وەزارەتی پەروەردە و ئیدارەی پەروەردەی پارێزگای کوردستان گرتووە و رایگەیاندووە کەلە ماوەی ١ ساڵی رابردوودا ئەو ئیدارەیە کۆمەڵێک وادە و بەڵێنیی بە هاووڵاتییان داوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچکام لەو بەڵێنییانە نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو نوێنەرەی مەجلیس راشیگەیاندووە، وەزارەتی پەروەردە بەردەوام باسی لە عەداڵەت و هاوسەنگی کردووە، بەڵام هەتا ئێستاش شاهیدی هەڵاوارن و ناعەداڵەتیی ئەو وەزارەتخانەیەین و راستەوخۆ بۆتە هۆی دواکەوتنی هەندێک لە ناوچە و پارێزگاکانی ئێران.

نوێنەری خەڵکی مەریوان و سەوڵاوا ئاماژەی بەوەش دا، کە بوودجەی هەنووکەیی وەزارەتی پەروەردە بە هیچ شێوەیەک وەڵامدەری پەروەردە و ویستی قوتابییان نییە و پێوستە ئاوڕی شیاویان لێ بدرێتەوە.