وەرگێڕانی سێ بەرهەمی وێژەی کوردی بە فارسی

20:46 - 20 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕەوتی وەرگێڕانی بەرهەمی نووسەرانی کوردزمان لە بیاڤی ئەدەبیی ئێراندا لە برەودایە.

بەپێی هەواڵەکان، ڕۆمانێکی لەتیف هەڵمەت بە ناوی \"هاوسەرانی جندۆکەکانی شێخ مەحموود\" بەزوویی دەخرێتە بازاڕی کتێبی فارسییەوە.

ڕۆمانی ئەو نووسەر و هەڵبەستوانەی کورد، لە لایان \"فریاد شیری\"یەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.

فریاد شیری کە خۆی شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبییە، دەبێژێ: \"ڕۆمانی ناوبراو، بەرهەمێکی پۆست مۆدێڕنە و لە لایەن وەشانگەی \"کۆڵەپشتی\"ییەوە دەخرێتە بەر دیدی خوێنەرانی.

\"29747.jpg\"
مەریوان هەڵەبجەیی، فریاد شیری، موختار شوکری‏پوور
لەتیف هەڵمەت ساڵی ١٩٤٧ لە شارۆچکەی \"کفری\"ـی سەربە پارێزگای کەرکووک لەدایک بووە.

ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ فەرهاد شاکەلی، دامەزرێنەری ڕێچکەی ئەدەبیی \"کفری\"یە کە ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە ڕەوتی گۆڕانی مێژوویی شیعری کوردی‏دا گێڕاوە.

هەروەها دامەزراوەی وەشانگەی \"نگاه\"، کۆمەڵە شێعرێکی شێرکۆ بێ کەسی لەژێر ناوی \"تۆ لێرە نیت بەڵام\" بڵاو کردووەتەوە.

شیعری کوردیی ئیمپڕاتۆری شیعر، لە لایەن موختار شوکری‏پوورەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی.

ئەو کۆمەڵە شێعرە، لە شیعرە نوێ و کەمتر وەرگێڕدراوەکانی شێرکۆ بێکەس پێک دێت.

شێرکۆ بێکەس ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٢ لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی ئەسپەردەی خاک کرا.

لە تارانەوە هەواڵ گەیشتووە کە ڕۆمانی \"حەسار و سەگەکانی باوکم\"، لەپاش ١٢ ساڵ، دیسان لەچاپ دەدرێتەوە.

ئەو ڕۆمانە لە نووسینی \"شێرزاد حەسەن\"ـە و مەریوان هەڵەبجەیی کردوویە بە فارسی.

ئەو وەرگێڕە دەنووسێت: \"کتێبەکە پاش ١٢ ساڵ قەدەغە بوون، بە کەمێک سانسۆڕەوە مۆڵەتی چاپی پێ‏دراوە و لە نەورۆزی ئەو ساڵدا بڵاو دەکرێتەوە\".

ناوەرۆکی ڕۆمانەکە باس لە \"باوک سالاری\" و ململانێی دوو جیل و دوو فەرهەنگ دەکات.

شێرزاد حەسەن لەدایک بووی ساڵی ١٩٥١ لە شاری هەولێرە و بەشێک لە بەرهەمەکانی بەناوی \" تربیع خون\" بە فارسی لە ئێراندا بڵاو بووەتەوە.