وەرزێڕانی عەرەبی ئەهواز لە ناڕەزایەتی بە وشك بوونی ئاوی رووبارەكان خۆپیشاندانیان وەڕێخست

21:47 - 18 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: وەرزێرانی عەرەبی ئەهواز بە ئیعتراز بە گۆڕینی رێڕەوی ئاوی رووبارەكان لەلایەن لێپرسراوانی ئەهوازەوە لە بەرامبەر فەرمانداری ئەو شارە خوپیشاندانێكی هێمنانەیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتو بە ئاژانسی كوردپا لەلایەن چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهوازەوە، وەرزێڕانی عەرەب لەو باوەڕەدان گۆڕینی رێڕەوی ئاوی رووبارەكان و بردنیان بۆ شوێنەكانی دیكە وشك بوونی زەوی و زارەكانی لێكەوتۆتەوە.

وەرزێڕانی عەرەبی ئەهواز بە مەبستی چارەسەر كردنی رێڕەوی ئاوی رووبارەكان رۆژی شەممە رێكەوتی 17‌ی پووشپەڕ خۆپیشاندانیان ساز كرد.

زەخت و گوشاری هێزە حكوومەتییەكان بۆ سەر هاووڵاتییانی عەرەب رووی لە زیاد بوونە:

ماوەیەك لەمەوبەر سەدان هێكتار زەویی كشتوكاڵیی وەرزێڕانی عەرەبی گونەكانی \" كركە\" و \"شجیرات\" لەلایەن ناوەندی بەسیج و ئیدارەی وەرزێڕی و سەرچاوە سرووشتییەكانەوە زەوت كرا و هاتوچۆی وەرزێڕان بۆ سەر مووچەكانیان قەدەغە راگەینرا.

پێشتریش هێزە ئەمنیەتییەكان 50 كەس لە وەرزێڕانی ئاواییەكانی \"عچیسە\" و\" شاكریە\"یان بە هۆی ئێعتراز دەربڕین بە زەوت كردنی زەوییەكانیان لەلایەن شیركەتی نەوتەوە، دەستبەسەر كردبوو.
لە ماوەی حەفتەكانی رابردوودا ژمارەیەكی بەرچاو لە وەرزێرانی عەرەب لە شارەكانی \"ویس\" و \" مەلاسانی\" لە 45 كیلۆمیتریی باكووری ئەهواز بەهۆی پچڕانی ئاوی وەرزێڕی ئیعتراز و ناڕەزایەتیان دەربڕی.