"وەرزی كەرگەدەن"ی بەهمەن قوبادی خەڵاتی باشترین وێنەگری فێستیڤاڵی سان سێباستیەنی بەدەستهێنا

20:15 - 13 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرلەدەن\"ی بەهمەن قوبادی و لە وێنەگرتنی توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگریی لە بەشی سەرەكیی 60مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سێباستییەنی ئیسپانیای بەدەستهێنا.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرگەدەن\" Rhino Season لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد بەهمەن قوبادی و لە وێنەگرتنی سینەماكاری لاوی كورد توورەج ئەسڵانی، دوای بەشداری لە بەشی تایبەتیی سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی \"تۆرێنتۆ\"، بە ئامادەبوونی قوبادی و چەندین ئەكتەری سەرەكیی ئەم فیلمە، لەوانە: \"مۆنیكا بێلوچی، بێهرووز وسووقی، بئێلجیم بێلگین و ئارەش لەباف\" لە رۆژانی 5 و 6ی رەزبەر ( 26 و 27ی سێپتامبری 2012ی زایینی) لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی 60مین خولی فَیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییەن لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشكرا و توورەج ئەسڵانی وێنەگری كرماشانیی ئەم فیلمە، بۆ یەكەمین جار لە مێژووی سینەمای ئێران و كوردستاندا توانی خەڵاتی باشترین وێنەگریی 60مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییەنی ئیسپانی بەدەست بهێنێت.

\"7282.jpg\"
ئەسڵانی بەڕێوەبەری ستافی وێنەگریی فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرگەدەن\" كە پێشتر سەبارەت بە كادرە تایبەتەكانی ئەم فیلمە هاتبووە ئاخاوتن، ئەم خەڵاتە گرینگەی سینەمای جیهانی پێشكەش بە دوو وێنەگری كاریگەری سینەمای ئێران، لەوانە: هووشەنگ بەهارلوو و نێعمەت حەقیقی كرد.

ئەندامانی لێژنەی داوەەرانی بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوون لە: \"كریستییەن واچۆن\" ـ بەرهەمهێنەر و سەرۆكی لێژنەی ژووری لە ئەمریكا، \"ریكاردۆ دارین\" ـ ئەكتەر لە ئارژانتین، \"میشێل كازتامبەد\" ـ سیناریۆنووس لە فەرانسە، \"میا هانس لۆ\" ـ دەرهێنەر لە فەرانسە، \"پیتێر سۆزچیتسكی\" وێنەگر لە بریتانیا، \"جوولی تیمۆر\" دەرهێنەر لە ئەمریكا و \"ئاگۆستی لارۆنگا\" دەرهێنەر لە ئیسپانیا.

\"7283.jpg\"
بەهمەن قوبادی لە ساڵانی رابردوودا بە فیلمی سینەمایی \"كیسەڵەكانیش دەفڕن\" و هەروەها فیلمی سینەمایی \"نیوەی مانگ\" دوو خەڵاتی سەرەكیی سەدەفی زێڕینی باشترین فیلمی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییەنی بەدەستهێناوە و ئەمە بۆ سێیەمین جارە كە قوبادی بە دەستی پڕ لەم فێستیڤاڵە گرینگەی سینەمای جیهان بگەڕێتەوە.

شەستەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سێباستییەن بە نمایشی فیلم گەلێك لە سینەماكارانی ناوداری جیهان و هەروەها ئامادەبوونی ئەكتەر و هونەرمەندانی بەرچاوی سینەمای دنیا لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی پێشبڕكێی سەرەكی، بەشی دەرهێنەرە نوێیەكان و چەندین بەشی دیكە لە رێكەوتی 31ی خەرمانان هەتا 8ی رەزبەری ساڵی 1391ی هەتاوی ( 2 1 تا 29ی سێپتامبری 2012 ی زاییینی) لە شاری سان سێباستییەن لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرگەدەن\" لە یەكەمین نمایشی خۆیدا و بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك لە ستافی ئامادەكاری ئەم فیلمە رۆژی 12ی سێپتامبری 2012 لە بەشی تایبەتیی سی و حەفتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی \"تۆرێنتۆ\" لە وڵاتی كانادا، نمایشكرا.
\"7284.jpg\"
فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرگەدەن\" شەشەمین بەرهەمی \"بەهمەن قوبادی\"یە كە تیایدا \"بێهرووز وسووقی\" ئەكتەری ناوداری سینەمای ئێران و هەروەها ئەكتەری بە توانای ئیتالیا \"مۆنیكا بێلوچی\"، ئەستێرەی سینەمای توركیە \"بێران سات\"، \"یەڵماز ئوردووگان\" و \"بئێلجیم بێلگین\" دوو ئەكتەری ناوداری توركی و \"ئارەش لەباف\" گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئێرانی رۆڵ دەبینن.

فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرگەدەن\" چیرۆكی شاعیرێكی كورد بۆ بینەر دەگێڕێتەوە كەلە رێگای شیعرەكانییەوە بە شوێن ژیانی ونبووی خۆیدا دەگەڕێت. مووزیكی ئەم فیلمە 104 خولەكییەی قوبادی لەلایەن موزیكزانی ناوداری كورد و ئامێژەنی بە توانای كەمانچە \"كەیهان كەڵهوڕ\" ساز كراوە.

\"وایلدبانچ\" wildbunch لە كۆمپانییە بەرچاوەكانی بڵاوكەرەوەی فیلم لە ئاستی ئوورووپا، مافی بلاوكردنەوەی جیهانیی فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەرگەدەن\"ی لە ئەستۆیە و لەو بەرنامەیەی كە بۆ نمایشی ئەم فیلمە دیاریی كردووە لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لە سینەماكانی توركیە و پاشان لە سینەماكانی ئورووپا و ئەمریكا نمایشی دەكات.