كوژرانی 111 كەس لە ئەدلەبی سووریە/ سەردانی چاوەدێرانی یەكیەتیی عەرەب بۆ دیمەشق

15:16 - 30 سەرماوەز 2711
كوردپا: ئەرتشی حكوومەتی سووریە لە ناوچەی كفر عویدی ئەدلەب 111 خۆپیشاندەری نارازی بە حكوومەتی بەشار ئەسەدیان كوشت.

رێكخراوی مافی مرۆڤی سووریە رایگەیاند، كۆژراوەكانی ئەدلەب هاووڵاتیی و چالاكانی مەدەنی بوون كە لە ترسی هێزە نیزامییەكانی بەشار ئەسەد پەنایان هێنابووە ئەو ناوچەیە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كردووە، هەتا ئێستا توانیومانە شوناسی 52 كەس لە كۆی گشتیی ئەو 111 كوژراوە بە دەست بێنین.

هەر لەو پێوەندییەدا، نبیل ئەلعەرەبی لێپرسراوی گشتیی یەكیەتیی عەرەب بە ماڵپەڕی \"ئەلعەرەبیە\"ی راگەیاندووە، یەكەمین هەیئەت لە نوێنەرانی یەكیەتیی عەرەب هەتا كۆتایی ئەم مانگە سەردانی وڵاتی سووریە دەكەن.

ئەو نوێنەرانە ژمارەیان 30 كەسە و پێكهاتوو لە كارناسانی پرسی نیزامی و مەدەنین و بە سەرپەرەستیی سەمیر سەیف ئەلیزل دەبێت.

لەلایەكی دیكەوە رێكخراوی جەماوەریی شۆڕشی سووریە ئاشكرای كردووە، ئەمرۆ رێكەوتی 30‎‎ی سەرماوەز چوار چالاكی مەدەنی وڵاتی سووریە بە هۆی دەسترێژی هێزەكانی حكوومەتی ئەو وڵاتە لە نزیك دیمەشق گیانیان لە دەست داوە.

بە وتەی نارازیان، حكوومەتی دیمەشق لە ناوچەكانی ئەدلەب بە شێوەیەكی بەربڵاو كوشتنی هاووڵاتیانیان دەست پێكردووە.

لەلایەكی دیكەوە، بە شار ئەسەد سەركۆماری سووریە لە بڕیارێكی تازەدا رایگەیاندووە، هەر كەس یان لایەنێك كە چەك و چۆل بە \"تیرۆریستەكان\" بفرۆشێت لەگەڵ سزای ئیعدام بەرە و ڕوو دەبێتەوە.