كورەی باشوور هاوردەی نەوت لە ئێران رادەگرێ‌

14:51 - 7 پووشپەڕ 2712
كوردپا: كورەی باشوور كە بە یەكێك لە گەورەترین وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین بۆ هاوردە كردنی نەوت لە ئێران دێتە ئەژمار رایگەیاندووە، لە حەفتەی داهاتووە كڕینی نەوت لە ئێران رادەگرێ.

هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردەوە، وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی كورەی باشوور رایگەیاندووە، ئێمە پابەندی رێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكانین و هەر بە پێی ئەو رێككەوتنامانە لە رێكەوتی 11‌ی پووشپەڕەوە هاوردەی نەوت لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران رادەگرێن.

هەر لەو پێوەندییەدا وەزیرانی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا رایانگەیاندووە، ئەو یەكیەتییە گەمارۆی نەوتیی ئێران بەپێی كاتی دیاریكراو، رۆژی یەكەمی مانگی ژووئیەی ئەمساڵ (11ی پووشپەڕ) جێبەجێ‌ دەكرێت.

هەواڵدەریی فەرانسە بڵاوی كردەوە، وەزیرانی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایان كردووە: \"دوایین بەستەی گەماروە نەوتییەكانی یەكیەتیی ئورووپا بەدژی ئێران هەروەك پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە، سەرەتای مانگی داهاتووی زایینی یەكلایی دەبنەوە\".

27 ئەندامی یەكیەتیی ئورووپا رێكەوتی 23ی ژانویە بەهۆی قەیرانی ماڵی هێندێ‌ لە ئەندامان و بۆ وێنە یۆنان، بڕیاریان دا هەتا سەرەتای مانگی ژووئیە گەمارۆ بخەنە سەر هاوردەی نەوتی ئێران.