ورمێ؛ دەسدرێژیی جینسی بۆ سەر سێ کچی کەمئەندامی زەینی لە یەکێک لە ناوەندەکانی ڕاگرتن

11:49 - 20 گەلاوێژ 2721

 لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، توییتێری کەمپەینی کەمئەندامانی زەینی لە توییتێکدا باسی لە دەسدرێژیی جینسی بۆ سەر سێ کچی کەمئەندامی زەینی، لە یەکێک لە ناوەندەکانی ڕاگرتنی کەمئەندامان لە شاری ورمێی کردبوو.

ئەو کەمپەینە باسی لەوە کردووە کە ساڵی ڕابردوو، سێ کچی کەمئەندامی زەینی، لەلایەن یەکێک لە خزمەتکارەکانی ئەو ناوەندەوە، دەسدرێژیی جینسی کراوەتەوە سەریان.

کەمپینی کەمئەندامانی زەینی لە تووییتێری خۆیدا سەبارەت بەو ڕووداوە، نیگەرانیی خۆی لەمەڕ پێڕاگەنەیشتن بە دۆسیەی ئەو کردەوە دەربڕیوە و نووسیویەتی: "هیچ وردەکارییەک سەبارەت بەو دۆسیەیە لە ڕێگای دادستانی و بێهزیستییەوە بڵاو نەکراوەتەوە".

ئەو کەمپەینە لە نامەیەکەدا بۆ سەرۆکی هێزی دادوەری (قوەی قەزاییە)، داوای پێراگەیشتن بەو دۆسیەیە و ڕوونکردنەوەی لەمەڕ ئەو کارە دەکات.

پێشتر و لە ساڵی ١٣٩٦دا، یەکێک لە یارمەتیدارانی کەمئەندامانی زەینی باسی لە دەسدرێژیکردن  بۆ سەر کچێکی کەمئەندام، لەلایەن یەکێک لە خزمەتکارەکانەوە کردبوو.