كوردانی نیشتەجێی تاران بۆ ساڵڕۆژی شیمایی بارانی سەردەشت بەیاننامەكیان بڵاو كردەوە

17:31 - 6 پووشپەڕ 2712
كوردپا: كۆمەڵەی كوردانی نیشتەجێی ناوەند (تاران) بە بۆنەی 25مین ساڵرۆژی شیمیایی بارانی شاری سەردەشت بەیاننامەیەكیان لەژێر ناوی \"بە كامە تاوان كوژران\" بڵاو كردەوە.

نوسخەیەك لە بەیاننامەی كوردانی نیشتەجێی ناوەند (تاران) بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە كە تێدا هاتووە:

حەوتەمی مانگی پووشپەڕی هەر ساڵ وەبیرهێنەرەوەی رووداوێكە كە نەتەنیا بۆ خەڵكی سەردەشت، بەڵكوو بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی نیگەرانی داهاتووی مرۆڤایەتین، وەك كارەساتێك دێتە ئەژمار.

ئەو رووداوە و بۆمبارانە شیمیاییەكانی دیكە لە بەرەكانی شەڕ و بەتایبەت گوند و ناوچە و شارە كوردنشینەكانی ئێران هەزاران قوربانیی لێكەوتەوە، ویژدانی كۆمەڵگای مرۆیی وەخەبەر هێنا و بووە هۆی ئەوەی كە رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی بۆ پەسندكردنی كۆنوانسیۆنی پێشگیری لە چەكە شیمیاییەكان كار بكرێت و هەروەها رێكخراوێكی فەرمی بۆ چاوەدێری و لێكۆڵینەوە لەم بارەوە دابمەزرێت.

لە كۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، كۆمەڵەی كوردانی نیشتەجێی ناوەند (تاران) بەردەوام خۆی لەو خەمەدا بە شەریك زانیوە و جارێكی دیكە بە شەهامەت و شەرافەتی خەڵكی سەردەشت كە بەردەوام مۆتەكەی ئەو رووداوە تاڵەیان لەگەڵ دایە، دروود دەنێرێت و رێز و حورمەتی ئەندامانی خۆی بۆ هەموو قوربانیانی چەكی شیمیایی لە سەردەشتەوە هەتا هەڵەبجە رادەگەیەنێت و یادی قوربانیانی ئەو رووداوە بە مافی بێ‌ ئەملا و ئەولای ئەو كەسانە دازانێ‌ كە لەم رێگایەوە دەنگی مەزڵوومیەتی خۆیان وەبیری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بهێننەوە.