وانەی \"مرۆڤ‌ناسیی ئیسلامی\" لە زانکۆکانی ئێران ئیجباری دەکرێت

14:34 - 28 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی شورای گۆڕان و بەرزکردنەوەی زانستە مرۆییەکان، \"غوڵامعەلی حەدادعداڵ\" ڕایگەیاند: وانەی \"مرۆڤ‌ناسیی ئیسلامی\" لە زانکۆکاندا دەوترێتەوە و خوێندکاران بە ئیجبار دەبێ ئەو واحدە دەرسییە بخوێنن.

هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی ئێران بڵاویان کردەوە کە لە دانیشتنی ڕۆژی ڕابردووی شورای گۆڕان و بەرزکردنەوەی زانستە مرۆییەکان سه‌ر به‌ شورای باڵای شۆڕشی فەرهەنگیدا بڕیار دراوە کە وانەی مرۆڤ‌ناسیی ئیسلامی لە ڕشتەی زانستە مرۆییەکان بوترێتەوە و هەموو خوێندکارانی ئەو ڕشتەیە دەبێ بە ئیجبار ئەو واحدە دەرسییە بخوێنن.

بەپێی ئەو بڕیارە لە نێوان ئەو کتێبانەی کە لە بواری ئیسلام و ئایینەوە لە زانکۆکاندا هەیە، ١٥ کتێب هەڵبژێردراون كه‌ نێوەرۆکی دەرسی ئەو کتێبانە لە لایەن بەرپرسانی حەوزەی علمییەی قۆم تاوتوێ دەکرێت.

حەدادعادڵ لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە کاتێکی زۆری دەوێ و بڕیار دراوە بە هاوکاری دەفتەری ڕێبەریی حکوومەتی ئێران و ژمارەیەک لە وانەبێژانی حەوزەی علمیە و زانکۆ یەکێک لەو کتێبانە بۆ وانەوتنەوە هەڵبژێردرێن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی کە لە داهاتوودا ناوەندەێک لە زانکۆ لەژێر ناوی \"معاونت امور دانشجویی\" دادەمەزرێنین کە ئەرکی ئەو ناوەندە بریتییه‌ له‌ چاودێری كردن به‌سه‌ر کاروبار و دۆخی خوێندکارانی زانستە مرۆییەکان لە بواری خوێندن، گرایش و ئه‌و زانکۆیەی کە لێی دەخوێنێ.

لە ئێراندا بۆ یەکەم جار عەلی خامنەیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دوای ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لەو وڵاتەدا، پرسی گۆڕینی پەروەردە و فێرکردنی زانستە مرۆییەکان لە زانکۆکانی هێنایە بەر باس.

هەروەها سادق لاریجانی سەرۆکی دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامی مانگی ڕابردووی ئەمساڵ وتی کە وانەی زانستە مرۆییەکان لە ئێراندا بیرۆکەی ڕۆژئاوایین و ئێمە دەبێ وانەی ئایینی لە زانکۆکاندا بڵێینەوە.

بەرپرسانی حکوومەتی ئێران ساڵانێکە باس لە به‌ ئایینی‌کردنی زانکۆ و بەتایبەت ڕشتەکانی وەک زانستە مرۆییەکان دەکەن و لەو پێوەندییەش‌دا لەسەر پێوەندی زانکۆ و حەوەزە جەخت کراوەتەوە و هەوڵی بە ئیسلامیی‌کردنی زانکۆکانی ئێران دەدەن.