هەینی خوێناوی ترین رۆژ لە سووریە/ كوژران و بریندار بوونی زیاتر لە 300 كەس

15:30 - 15 رێبەندان 2711
كوردپا: رێكخراوی مافی مرۆڤی سووریە بڵاوی كردۆتەوە، ئەرتشی سووریە بە هێرشی خومپارە بۆ سەر شاری حەمس رۆژێكی خوێناویی خولقاند كەلە ئەنجامدا تەنیا لەو شارە زیاتر لە 217 كەس كوژراوە و نزیك 700 كەسیش بریندار بوون.

ماڵپەڕی دۆیچەوێلە لە راپۆرتێكدا لەمەڕ هێرشی ئەترشی سووریە بۆ سەر شاری حەمس و شارەكانی دیمە نووسیویە، پاش هێرشی دوێنێ‌ ئاماری كوژراوەكان لەو شارە گەیشتۆتە زیاتر لە هەزار كەس و بەپێی سەرچاوە ناوچەییەكانی سووریە رێژەی كوژراوەكانی سەرجەم شارەكان لە رۆژی هەینیندا زیاتر لە 300 كەس بووە.

هێشتا رێژەی دروستی بریندارەكان بە وردی نەزانراوە، تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە ئاشكرای كردووە كوژراوەكان 337 كەس و ئاماری بریندارەكانیش 1300 كەس بووە كە ئەو هەواڵە لەلایەن شەبەكەی خەبەریی CNNیشەوە بڵاو كراوەتەوە و بەهۆی قەدەغە بوونی چالاكیی رۆژنامەوان و میدیاكارانی سەربەخۆ لە سووریە بە دژواری دەكرێ‌ ئاماری راستەقینەی كوژراو و بریندارەكان دەست نیشان بكرێت.

\"3262.jpg\"

شەبەكە تەلەفیزیۆنییەكانی ئەلعەرەبیە و ئەلجەزیرە چەند وێنە و گرتەیەكیان لە دەیان تەرمی كوژراو لە شەقامەكانی شاری حەمس پیشان داوە. پزیشكێك لە نەخۆشخانەی ئەو شارە باسی لە \"نەبوونی خوێن بۆ برینداران كردووە، ئەمە لە حاڵێك دایە كە بە لێشاو بریندار رەوانەی نەخۆشخانەكان دەكرێت\".

كوشتار و شەڕ و پێكدادانەكان لە سووریە رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنن، ئەمە لە حاڵێك دایە كە رووسیە و چین لە شۆرای ئەمنیەت لەگەڵ پەسن كردنی بڕیارنامە بەدژی حكوومەتی سووریە دژایەتییان كردووە.

ئۆپۆزیسیۆنی سووریە جارێكی تر داوایان لە رووسیە كردووە كە دەست لە پشتیوانی كردنی حكوومەتی بەشار ئەسەد هەڵبگرێت و سەركوتی خەڵك مەحكووم بكات.

لە بەرامبەردا هەواڵدەریی فەرمیی سووریە بە پشت بەستن بە لێپرسراوانی دەوڵەتیی سووریە ئیدیعای كردووە كە ئەرتش لە كوشتاری شاری حەمسدا دەستی نەبووە و هاووڵاتییانی ئەو شارە لەلایەن دژبەرانەوە كوژراون.

بە مەبەستی مەحكوومە كردنی كوشتاری خەڵكی حومس ئێوارەی رۆژی هەینی دەیان ناڕازی و چالاكی خەڵكی سووریە لە وڵاتی ئاڵمان بە مەبەستی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر باڵوێشزخانەی سووریە لە شاری بێرلین كربوونەوە و هێرشیان كردۆتە ناو باڵوێزخانەوە و بە هێنانە خواری وێنەی بەشار ئەسەد و ئاڵای ئەو وڵاتە ئاڵا و هێمای بەرەنگاری و شۆِرشی سوریەیان بە دار و دیوارەوە هەڵواسی كە پاش 20 خولەك لەلایەن پۆلیسەوە كۆتایی پێهات.

\"3258.jpg\"

لە شارەكانی لەندەن و قاهیرەش بە مەبەستی مەحكووم كردنی كوشتاری شاری حەمس كە لەلایەین ئەرتشی سووریەوە رووی داوە خۆپیشاندانی ئیعترازی ریك خراوە و هێرش كراوەتە سەر باڵوێزخانەكانی سووریە لەو وڵاتەكانی بریتانیا و میسر و هێندێ‌ خەساری ماڵییان پَی گەیەنراوە.

بەپێی زانیاریی چالاكانی مافی مرۆڤ لە سووریە لە ماوەی 11 مانگی رابردووی ئاڵۆزی و پێكدادانەكانی سووریەدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەككانی سووریەوە زیاتر لە 7 هەزار هاووڵاتیی مەردنی بونەتە قوربانی كە رێژەیەكی زۆر ژن و منداڵە تیدایە.

وێنە : رۆیتێرز/ ئەلجەزیرە