هەڵەی پزیشکی گیانی هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی شاری تارانی ئەستاند

12:42 - 4 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی سەید "محەممەدزاهید حوسێنی" کوڕی سەید نەجمەدین حوسێنی، خەڵکی شاری کامیاران و دانیشتووی شاری تاران، بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار نزیک لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: "ئەو هاووڵاتییە کوردە، بەهۆی گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە، سەردانی نەخۆشخانەی شاری تارانی کردووە و پاش لێدانی دەرزییەک، دوای ١ کاتژمێر گیانی لەدەست داوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو هاووڵاتییە پێ لە تەمەنە، هیچ جۆرە نەخۆشییەکی تایبەتی نەبووە و دوای سەردانی نەخۆشخانە و لێدانی دەرزییەک لەلایەن یەکێک لە کادرە دەرمانییەکانی ئەو نەخۆشخانەیەوە، تووشی هەناسەبڕکێ بووە و پاش ١ کاتژمێر گیانی لەدەست داوە.

هەڵە و کەمتەرخەمیی پزیشکی بریتییە: نەشتەرگەریی لاقی سالم بەجێگای لاقی پێویست بە نەشتەرگەری، بەجێهێشتنی کەرەستەی نەشتەرگەری لە جەستەی نەخۆش، گیانلەدەستدانی نەخۆش بەهۆی ئامادەنەبوونی پزیشکی شارەزا لە کاتی نەشتەگەریدا، لێدانی دەرزی بە هەڵە و ... .