هەڕەشەی سەرلەنوێی ئیتلاعات، لە بنەماڵەی چالاکێکی مەریوانی

13:37 - 4 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان سەرەڕای فشار خستنەسەر بنەماڵە و کەسوکاری چالاکێکی کوردی خەڵکی ئەو شارە بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان بۆ ناوخۆی ئێران، هەڕەشەی کوشتنیشی لێ کردوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیتلاعاتی مەریوان سەرلەنوێ بنەماڵەی محەمەد غەریب فەیزی، چالاکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان و نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتی، بەرەوڕووی فشار کردۆتەوە و ئەو ناوەندە ئەمنییە \"هەڕەشەی کوشتنی\" لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردە کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی فەیزی لە ماوەی رابردوودا هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان بۆ نێوخۆی وڵات نەکردووە، لەلایەن ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێ کراوە.

پێشتریش ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بە بنەماڵەی محەمەد غەریب فەیزی راگەیاندبوو، کە ئەگەر کوڕەکەیان نەگەڕێننەوە بۆ نێوخۆی وڵات، خوشک و برای محەمەد غەریب فەیزی لە زانکۆ دەر دەکرێن .

دەگوترێ کە هۆکاری فشاری ئیتلاعات بۆسەر بنەماڵە و کەسوکاری محەمەد غەریب فەیزی، دروست کردنی پوستێر و بڵاو کردنەوەو چالاکیی ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک راگەیەندراوە.

محەمەد غەریب فەیزی، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٠یش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا و پاش ئەوەی لەلایەن دادگەوە حوکمی زیندانی کرانی بۆ بڕابوویەوە، بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

فەیزی یەکێک لە ئەندامانی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بووەو بەو هۆیەوە چەندین جار رێزی لێگراوەو لە ساڵی ١٣٨٨دا بەهۆی چالاکییەکانی لە بواری فەرهەنگی-هونەری و هەروەها یارمەتی و فریاکەوتنەکانییەوە وەکوو لاوی سەرکەوتووی ساڵ ناسێندرا و خەڵاتیش کرا.

ئا: ئارام. ح