١٥ هەزار یەكەی ئابووریی گەورە لە دەوڵەتی \"تدبیر و امید\"دا داخراون!

14:28 - 17 بەفرانبار 2715
ئاژانسی كوردپا: لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا، ١٥ هەزار یەكەی ئابووریی گەورە داخراون و یەكە بەرهەم هێنەرەكانیش بەهۆی بانكەكانەوە تووشی ڕاوەستان هاتوون.

ماڵپەڕی \"جهان نیوز\" لە زاری \"لوتفوڵڵا فروزەندە\"، جێگری پێشووی ناوەندی لێكۆڵینەوەكانی مەجلیس، بڵاوی كردەوە: \"دەوڵەتی ڕووحانی پێی وایە سوودی بانكی یەكێكە لە هۆكارەكانی هەڵاوسان و داتەپینی ئابووری، هەربۆیە ئێمە لە دوو ساڵی ڕابردوودا پاڵپشتیی بانكەكان لە یەكە بەرهەم هێنەرەكان نابینین.

ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیكە بەرەبەرە یەكە ئابوورییەكان، كە بەپێی ئامارەكان ١٥ هەزار یەكەی ئابووریین، تووشی داخران ببنەوە كە ئەم داخرانەش بە واتای داخستنی ڕێژەیەكی بەرچاو لە سەرمایە مرۆییەكانی وڵاتە.

هەر لەم پێوەندییەدا \"عەلی عەلیلوو\" ئەندامی كۆمیسیۆنی پیشە و كانزاكانی مەجلیس، بە هەواڵدەریی تەسنیمی ڕاگەیاندووە: \"ئێمە لە ئێراندا خراپترین سیستمی بانكیی جیهانمان هەیە. بۆ سەلماندنی قسەكانم ئاماژە بە ئامارێك دەكەم: \"لە ساڵی ڕابردوودا سوودی ئەسپێردراوی بەڕۆژ (سود سپردەهای جاری) بریتی بووە لە ١٢٠ هەزار میلیارد تمەن\" كە ئەمە لە ڕاستیدا بە واتای سووتاندنی ڕەوتی بەرهەمهێنانە لە وڵاتدا\".

عەلیلوو هەروەها دەڵێ؛‌ بنچینەی سەرەكیی كێشە ئابوورییەکانی ئێمە بریتییە لە؛ دەستێوەردانی هەموو دام و دەزگا و دامەزراوەكان لە كاروباری ئابووریی‏دا. بۆ وێنە مەجلیس خۆی لە هەموو پرسێكدا هەڵدەقورتێنێ‌. لە لایەكەوە یاسا دادەڕێژێ‌ و لەباتی نیهادەكانی وەك بازڕەسی و دادوەری كاری چاودێریش دەكات.

كەواتە كێشەی ئێمە لە بنەڕەتدا نەبوونی بەڕێوەبەرییەكی تۆكمەیە.