١١ هەزار پەرستار لە ئێران بێکارن

15:15 - 30 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: لە حاڵێکدا کە بەشێک لە دام و دەزگا حکوومەتییەکانی ئێران باس لە کەمیی پێرسۆنێلی دەرمانی خۆیان دەکەن، سەرۆکی ڕێکخراوی \"نظام پرستاری\" ئێران ئاشکرای کرد؛ هەنووکە ١١ هەزار پەرستاری بێکار لە ئێراندا بوونیان هەیە.

عەلی محەممەد ئادابی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیلنا سەبارەت بە بارودۆخی توێژی پەرستار لە ئێراندا ڕایگەیاند؛ بێکاریی پەرستارەکان ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەموو بەرپرسانی پێوەندیدار لێی ئاگادارن و جێگەی سەرسووڕمانە کە هەندێک کەس حاشای لێ‏دەکەن و ڕادەگەیەنن کە كیشەی كەمی پەرەستارمان نییە

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ڕایگەیاند؛ ڕێژەی وەرگرتنی خوێندکاری پەرستاری لە زانکۆکاندا ٢٠٠ تاکوو ٣٠٠ لەسەد، زیادی کردووە کە بەم پێیە، دەبێ چاوەڕوانی پەیوەست بوونی ڕێژەیەکی بەرچاوی دیکە لە پەرستارانی بێکار بە لەشکری بێکارانی وڵات بین.

ئادابی وتوویەتی؛ لە حاڵێکدا کە تێچوویەکی بەرچاو بۆ بارهێنانی پەرستاران تەرخان دەکرێت، بەڵام ئەوان ناچارن بە هۆی بێکاریی و نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی و ماڵیی و ڕەوانییەوە، ڕوو لە وڵاتانی دیکە بکەن تاکوو بە مافە سەرەتاییەکانییان بگەن.

ئەم لێدوانە و هەواڵی بێکاریی پەرستارەکان لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە، وەزارەتی بێهداشتی کۆماری ئیسلامی، بە بیانووی جۆراوجۆر پەرستارە بەڵێندەرەکان لە سەر کارەکانیان دەر دەکات.