١٢هەزار دوکتوری پسپۆڕ، کاری پزشکییان وەلا ناوە

14:41 - 7 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی \"کەمیی داهات\"ـەوە، بە هەزاران دوکتور لە ئێراندا، لە بازنەی پزیشکی چوونەتە دەرێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئێستادا دوکتورە پسپۆڕەکان، بەرەبەرە لە سیستمی پزیشکیی وڵات دەچنە دەرێ، کە ڕێژەی ئەو کەسانە بە زیاتر لە ١٢ هەزار کەس خەمڵێندراوە.

بەرپرسی کۆمەڵگەی دوکتورە پسپۆڕەکان بە \"سروشتی\" لەقەڵەم دانی ئەو کارەی پزیشکەکان، گوتوویەتی: \"ئەو ڕووداوە بێگومان زەرەری زۆری بۆ خەڵک و توێژی پزیشکی بەدواوە دەبێت\".

دوکتور ئیرەج خوسرۆنیا لە وتووێژێک دەگەڵ \"شەفا ئانلاین\"، \"نەبوونی داهاتی پێویست\"ی بە هۆکاری چوونەدەرەوەی دوکتورەکان لە بازنەی پزیشکی ڕاگەیاند\".

دڵ‏ناسی، هەرس‏ناسی، پیرپزیشکی، پزیشکیی مێرمنداڵان و... لە خانەی پزیشکیی دەروونیی‏دا جێ دەگرن.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی لاچوونی ١٢ هەزار دوکتوری پسپۆڕ لە بازنەی پزیشکیی وڵات، لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو پێنوێنی داهاتی مانگانەی پزیشکانی دەوڵەتی، نیشانی دا کە داهاتی پزیشکی ئۆرۆلۆژی ٢٦ میلیۆن، چاو ٣٠ میلیۆن، ژنان و منداڵبوون ٣١ میلیۆن، گوێ و کەپۆ ٣٢ میلیۆن، نەشتەرگەریی دڵ ٣٨ میلیۆن و مێشک و دەمار ٦٥ میلیۆن تمەن بووە.

لە لایەکی دیکەوە، هەندێ لە کارناسانی کاروباری نێوخۆیی ئێران، باوەڕیان وایە کە بەرزبوونەوەی حەقدەستی پزیشکی، گرانی داودەرمان، زیادبوونی هەڵەی پزیشکی و بەریانی خەڵک بە چارەسەریی خۆیی، لە گرینگترین هۆکارەکانی نەچوونی هاووڵاتیان بۆ لای پزیشک و نەخۆشخانەکانە.