٨٠ هێکتار لە قامیشەڵانی زەریاچەی زرێبار لە ئاگردا سووتان

13:07 - 23 گەلاوێژ 2721

بەرپرسی ئیدارەی پاراستنی ژینگەپارێزیی شاری مەریوان ڕایگەیاندووە سەرەڕای سووتانی ٨٠ هێکتار لە قامیشەڵانەکانی زەریاچەی زرێبار، پاش ٨ کاتژمێر ئەو ئاگره کۆنترۆڵ کرا.

ئەو ئاگرتێبەردانە ڕۆژی هەینی ٢٢ی گەلاوێژ، کاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆ، لە قامیشەڵانەکانی خوارەوەی زەریاچەی زرێبار، ڕووی دابوو.

"ئیبراهیم هیمەت بۆلەند" لە وتووێژێکدا، لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیسنا" ڕایگەیاندووە: "بەپێی بەراوردی کارناسان، نزیک بە ٨٠ هێکتار لە قامیشەڵانەکانی زەریاچەی زرێبار بوونەتە خۆڵەمێش و بە هاوکاریی خەڵک و ئەنجومەنی سەوزی چیا و ناوەندەکانی حکوومەتی لە مەریوان و سەوڵاوا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرتنەوەمانە داوە".

بەرپرسی ئیدارەی پاراستنی ژینگەپارێزیی شاری مەریوان، بەبێ ناوهێنانی کەس یان کەسانێک، هۆکاری ئاگرتێبەردانی قامیشەڵانی زەریاچەی زرێباری بۆ هۆکاری مرۆیی گەڕاندووەتەوە.

زەریاچەی زرێبار بە پانتایی ٣٢٩٢ هێکتار لە ٣ كیلومیتریی شاری مەریوان هەڵكەوتووە و بە یەكێک لە ناوەندە گەشتیارییەکانی ئەو ناوچەیە دێتە ئەژمار.

ئەو زەریاچەیە نزیک بە ٥ کیلۆمیتر درێژایی و ١/٥ پانایی هەیە و ئاوەکەی لە كانییەكانی ژێر زەریاچەکەوە دابین دەکرێت.

زەریاچەی زرێبار لە ساڵی ١٣٩٧دا، وەکوو ٢٥ـەمین زەریاچەی نێونەتەوەیی لە کۆنوانسیۆن لە شاری ڕامسەر تۆمار کرا.