هێزە ئەمنیەتییەکان لە ئێران پارێزەر بار دەهێنن

19:48 - 27 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی بەناوبانگ، پەردەی لەسەر پرۆژەی دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ واژۆکردنی \"وەکاڵەتنامەی\" زیندانیانی مەحکووم بە ئێعدام، هەڵدایەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی ئێران، سەرقاڵی پەروەردە کردنی پارێزەر بۆ ئەو کەیسە قەزاییانەن کە تۆمەتبارەکان لە دادگادا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

لەقاودانی نوێی کەسە ئەمنیەتییەکان لە لایەن مێهرئەنگیز کار، پارێزەر، نووسەر و چالاک لە بواری پەرەپێدانی دێموکراسییەوە ئەنجام دراوە.

\"29025.jpg\"
مێهرئەنگیز کار
ناوبراو لە وتوێژێکدا لەگەڵ بەرنامەی تەلەفیزیۆنی \" ئێعدام بەسە\" باسی لە وەها پرۆژەیەک کرد و ڕایگەیاند کە : یەکێک لە دامەزراوە ئەمنیەتییەکان داوای لە من کردووە کە ڕێژەیەکی زۆر \"وەکاڵەت نامەی\" سپی واژۆکراویان پێ بدەم.

ئەو دامەزراوە ئەمنیەتییە بە ناوبراوی وتبوو؛ ئێوە بەهیچ چەشنێک موەکیلینی ئەم کەیسانە نابینن و بڕیار نیە کە داکۆکییان لێ بکەیت، تەنیا لە هێندێک حاڵەتدا ڕەنگە پێویست بێت کە گەڵاڵەیەکی داکۆکی کردن ئامادە بکەیت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو وەکاڵەتنامانە بۆ زیندانیانی ئێعدام کراو و یان ئەو زیندانیانەی کە بڕیارە ئێعدام بکرێن بەکار هاتووە، هەتا بەمجۆرە لە ڕووی کاغەزیشەوە بووبێت، لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش نەبووبن.

دەوترێت زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی و ئەمنیەتی لە ئێراندا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەشن و بە هۆی گوشار و هەڕشەکانەوە، پارێزەرەکانیش لە بە ئەستۆ گرتنی ئەو جۆرە کەیسانە خۆ دەبوێرن.