هێزە نیزامییەکان لە ورمێ کۆڵبەرێکی کوردیان کوشت

16:17 - 11 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی یەکێک لەگوندەکانی ناوچەی سەڵماس، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تۆفیق یووسفی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی ناوچەی سەڵماس، کە لە سنووری نێوان تورکیا و شاری ورمێ سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.

تۆفیق یووسفی خەڵکی گوندی \"دێلەز\"ی سەربە ناوچەی شپیران لە شاری سەڵماس بووە، کە رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی جۆزەردان لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بەدەستی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

هەواڵنێری کوردپا، لە ناوچەی سەڵماس رایگەیاند، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە، رۆژی شەممە ریکەوتی ١٠ جۆزەردان رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوەو لە گوندی دێلەزی سەربە ناوچەی شپیران بە خاک سپێردراوە.

پێشتر محەمەد ساڵح نیکبەخت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، راگەیاندبوو: هێزە نیزامی و ئینتزامییەکان بە هێنانەوەی پاساوی وەکوو \"گوێ نەدانی کۆڵبەران بە ئاگادارکردنەوەی مەئموورانی نیزامی و تەقە کردن لە کۆڵبەران لە ترسی گیانی خۆمان و تەشخیس نەدرانیان بەهۆی مەودای دوور\" تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە، بۆیە ، تێکڕای حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران بەشێوە ئەنقەست (شبە عمد) و غەیرە ئەنقەست (غیر عمد) لە قەڵەم دراون و رەوتی پەروەندەی کوژرانی کۆڵبەران لە دادگاکاندا بێ ئەنجام دەمێنێتەوەو بکوژەکە لە سزا بێبەری دەبێت.

لەماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٨٩ کۆڵبەر و هاووڵاتیی مەدەنیی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ١٠٩ کۆڵبەر و هاووڵاتیی دیکەش بە تەقەی ئە وهێزانە بریندار کراون، کە نەتەنیا بکوژی هیچکام لەو کەسانە رادەستی دەزگای قەزایی نەکراوە، بەڵکوو لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا بنەماڵەی کوژراوەکە بەرەوڕووی هەڕەشەی ناوەندە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبنەوە، کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوژرانی رۆڵەکەیان نەکەن.