هێزە نیزامییەكانی حكوومەت پێشیان بە كاسبیی هاووڵاتییانی كوردی ماكۆ گرتووە

14:41 - 13 جۆزەردان 2712
كوردپا: كاسبكاران و گوندنشینانی دەورووبەری ماكۆ رایانگەیاند، زەخت و گوشاری هێزە نیزامییەكانی حكوومەت بەناو پێشگیری لە كاڵای قاچاخ، بۆتە بەربەست لەبەردەم كاسبیی هاووڵاتییانی كورددا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ساڵی 1391ەوە زەخت و گوشاری نیزامی و ئەمنیەتییەكان لە گوندەكانی سەرسنووری ماكۆ بۆتە رێگر لەبەردەم كار و كاسبیی هاووڵاتییانی كوردی ئەو دەڤەرە و بە ساز كردنی چەندین بنكەی نیزامیی تازە و گرتنەبەری رێوشوێنی توند تەنیا سەرچاوەی بژیوی ژیانی هاووڵاتییان كە كاسبی سەرسنوورە، پێشی پێگیراوە.

هاووڵاتییانی گوندەكانی دەورووبەری ماكۆ بە هەواڵنێری كوردپایان راگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا هۆشداریان بە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە داوە \"بۆیان نیە نزیكی سنوورەكان ببنەوە، چونكە لەلایەن فەرماندیی گشتیی هێزی ئینتزامیی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاواوە بڕیاری دەستڕێژ بۆ سەر كۆڵبەرانی كوردیان پێدراوە کە هەركەس لە مەودای 500 میتریی سنووری ئێران و توركیە ببینرێت لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە دەكوژرێت و حكوومەت هیچ بەرپرسایەتییەكی لە هەمبەر گیانیاندا نیە\".

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەی راپۆرتەكەیدا ئاشكرای كردووە، چەند رۆژ لەمەوبەر هێزە نیزامییەكانی حكوومەت راستەوخۆ كۆڵبەرانی كوردی گوندەكانی \"تەزەكەند\" و \"ملان\"ی سەر بە ماكۆیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لەو دەستڕێژەدا چەندین باری كاڵا و كەلوپەلیان لەناو چوون، بەڵام خەساری گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

\"4733.jpg\"
بەم دوایانە هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە لەبەركردنی جلوبەرگی ناوچەیی دەچنە كەمینی كۆڵبەرانی كوردەوە لەسەر سنوور و دەستڕێژیان لێ‌ دەكەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا و لە چەند حاڵەتی جیادا، هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی \"تەرگەوەر\"ی ورمێ‌ بە لەبەر كردنی جلوبەرگی ناوچەیی كۆڵبەرانی سەرسنوور بەلاڕێدا دەبەن و بە ئاسانی دەیانخەنە بۆسەوە.

لە ناوچە کوردنشینەکانی کوردستانی ئێران و بە تایبەت ناوچە سنووریەکان بە هۆی نەبوونی هەل و دەرەتانی کار و دۆخی تایبەتیی ناوچەکە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان ناچارن پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری هەڵبژێرن و بەم بۆنەشەوە زۆر دەکەونە بەر دەستڕێژی هێزە ئەمنیەتی و نیزامیەکانی حکوومەتی ئێران و دەکوژرێن.