‌هێزەکانی سنوورپارێز، کۆڵبەرێکی کوردیان کوشت

20:28 - 12 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا تەقەیان لە کۆڵبەرێکی کورد کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، هێزەکانی سەرسنوور تەقەیان لە کۆڵبەرێکی تەمەن ٤٠ ساڵەی کورد بە ناوی عوسمان عەزیزی کوڕی کەریم کرد و لە ئاکامدا ناوبراو گیانی لەدەست دا.

عوسمان عەزیزی لە نزیک گوندی \"دەرماناوێ\" بەبێ ئاگارکردنەوە و دانی هۆشدار، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران لەو ناوچەیە، تەقەی لێ کراوە.

ئەو کۆڵبەر کوژراوە خێزاندراە و خاوەنی دوو منداڵە.

\"\" تەرمی عوسمان عەزیزی هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە پزیشکی دادوەری شاری سەردەشت ڕاگیراوە.

عوسمان عەزیزی چوارەمین کۆڵبەرە کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لەلایەن ‌هێزە سنوورییەکانی سپای پاسدرانەوە کوژراوە.

کۆڵبەری، پیشەی ناڕاستەوخۆی بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان بەئەژمار دێت.

هەرچەندە هۆکاری سەرەکیی هەڵبژاردنی پیشەی کۆڵبەری بۆ پەرەنەسەندنی ئابووری، نەبوونی ئیمکانات و کەموکۆڕییە بن‌پێکهاتەییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام بە سەرمایەگوزاریی زیاتر و دانانی یاسای سەرمایەگوزاری، کەرتی تایبەت و دەوڵەتی، دەتوانین پێش بەو ڕەوتە بگرین.