هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان خەساری لێنەکەوتووەتەوە

ئاژانسی کوردپا: هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر پایگای ئامریکاییەکان لە هەولێر، خەساری لێنەکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی هەرێمی کوردستان، مووشەکێک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی هەولێر و مووشەکێکی دیکە لە "بەردەڕش" تەقیوەتەوە، بەڵام هیچ خەسارێکی گیانی و ماڵیی نەبووە.

سەر لەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، سپای پاسداران لە شوێنی مووشەکیی کرماشان، چەند مووشەکێکی ڕەوانەی پایگا نیزامییەکانی ئامریکایی لە عێراق و هەولێر کرد.

سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا، ئەو ئۆپراسیۆنەی لە دژکردەوەی کوژرانی "قاسم سلێمانی"، فەرماندە سپای قودس ئەنجام داوە.

وەزارەتی بەرگیریی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا، ئەو هێرشانەی پشتڕاست کردەوە.

سەرچاوەیەکی سپای پاسداران باسی لە کوژرانی لانیکەم ٨٠ سەربازی ئامریکایی لەو هێرشانەدا کردووە، بەڵام بەرپرسانی نیزامیی ئامریکایی ئەو ئیدەعایەیان ڕەت کردووەتەوە و دەڵێن کە لەو هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.

"مەسروور بارزانی"، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، پاش هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ پایگاکانی ئامریکا، وتووێژێکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.