هونەرمەندانی کورد بە دروستکردنی ئەنیمەیشن، پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد کرد + ئەنیمەیشن

16:02 - 23 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک چالاکی فەرهەنگیی کورد بە دروستکردنی ئەنیمەیشن، پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ئەم دوایی‌یەی مەهاباد دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگیی کورد لەژێر دروشمی \'\'خاوەنی راستەقینەی ئەم رێبازە ئێمەین\'\' ئەنیمەیشنێکیان لەبارەی رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەی مەهاباد دروست کرد.

داڕێژەرانی ئەم ئەنیمەیشنە دەڵێن: لەم بارودۆخەدا، نابێ بە هەڵبژاردنی بێ‌دەنگی، چاوەڕێ کردن، کەمتەرخەمی و مانەوە لە ماڵاندا خۆمان هەڵخەڵەتێنین.

داڕیژەرانی ئەم ئەنیمەیشنە داوایان کردووە کە دەبێ بە نووسین، راگەیاندن، بەشداری لەم بوارە، هۆنینەوە سروود و وێنەکێشان، ئەرکی فەرهەنگی، هونەری و وئەدەبیی خۆیان بەجێ بگەیەنن.

کاوە پەرویزی (ئاژوان کامیاران)، داهێنەری ئەم بەرهەمە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: ئەم ئەنیمەیشنە هەڵقوڵاوی سەرهەڵدانی ئەم دوایی‌یەی مەهاباد و پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی ئازادیخوازان دەکات.

ناوبراو دروستکردنی ئەو ئەنیمەیشنەی بۆ پشتیوانی لە فەریناز خوسرەوانی و خەڵکی مەهاباد راگەیاندووە.

داهێنەرانی ئەو بەرهەمە، ئەو ئەنیمەیشنە پێشکەش بە تێکڕای ئەو کەسانە دەکەن کە جارێکی دەنگی جەماوەریان کردە خاوەنی راستەقینەی سەرهەڵدانی ئازادیخوانەیان.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کەلە بەرانبەر هۆتێل تارا بۆ دەبڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی رێکخرابوو، بە دەستێوەردانی هێزە حکوومەتییەکان بەرەو توندوتیژی کێشرا.

هاووڵاتییان مەهابادی لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا خوازیاری دادگایی کردنی دەست و پێوەندییەکانی مەرگی فەریناز خوسرەوانی بوون.

ئەو کۆبوونەوە بە شێوەیەکی هێمنانە و ئاشتیخوازانە دەستی پێ کردبوو کە بە ئامادەبوونی هێزێکی زۆری ئەمنیەتی و نیزامی توندوتیژیی لێکەوتەوە.