٣ هاووڵاتیی خەڵکی هەڵەبجە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران

ئاژانسی کوردپا: ٣ هاوولاتی خەڵکی هەڵەبجەی سەربە هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای \"دڕۆڵە\"ی سەربە شاری پاوە لە سنووری نێوان شاری پاوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەسەر چۆمی سیروان دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتو وبە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی بانەمەڕ ٣ هاووڵاتی بەناوەکانی \"هادی، فایەق و ئەحمەد\" خەڵکی شاری هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هاوکات بەلەمێکی ئەو ٣ هاووڵاتییەش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ٣ هاووڵاتییە بەبڕیاری کەسێک بەناوی \"ئەفسەری\" خەڵکی کرماشان و فەرماندەری پاسگای \"درۆڵە\" دەستبەسەر و بۆ پاسگای \"کۆڵەسەرە\"ی باینگان گوازراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، \"ئەفسەری، فەرماندەری پاسگای دڕۆلە ماوەی ١ ساڵە هاتووەتە ئەو ناوچەیە و فەرماندەری ئەو پاسگایەی پێ سپێردراوە و لەو ماوەیەدا هاووڵاتییان و دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی وەزاڵە هێناوە\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو ٣ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری هەڵەبجە کە لەلایەن هێزە ئیتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، نەزانراوە.