هاووڵاتییەكی خەڵكی سەردەشت بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لاقێكی لەدەست دا

17:07 - 25 جۆزەردان 2712
كوردپا: هاووڵاتییەكی دانیشتووی ناوچی \"هۆمڵ\"ی سەر بە شاری سەردەشت كەوتۆتە سەر مینی چێنراو و لە ئەنجامدا لاقێكی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 24ی جۆزەردان هاووڵاتییەك بەناوی ناسر رەسووڵی ناسراو بە (رەسووڵ باپیر) خەڵكی گوندی \"قەلەرەشێ‌\" لە شوێنێك بەناوی سەردۆڵ لە ناوچەی \"هۆمڵ\"ی سەر بە شاری سەردەشت كەوتۆتە سەر مینی چێنراو و لە ئەنجامدا لاقێكی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، ناسر رەسووڵی لەبەر قووڵیی برینكەی رەوانەی نەخۆشخانەی شارۆچكەی \"قەڵادزێ\"ی هەرێمی كوردستان و لەوێشەوە براوەتە نەخۆشخانەی سلێمانی.
\"4866.jpg\"
بەهۆی رەوشی نیزامی و ئەمنیەتی ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی ئێران لە كاتی شەڕی ئێران و عێراق و هەروەها بوونی شەڕ و پێكدادانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران و حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەت لە دەیەی 60ی هەتاوی، ژمارەیەكی زۆر مینی چێنراو هەیە كە ساڵانە گیانی دەیان هاووڵاتیی كورد دەگرێت یان دەست و لاقیان بەو بۆنەوە لەدەست دەدەن.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سەرەتای ساڵی 1391ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 6 هاووڵاتیی كورد بەهۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەكانەوە كوژراو و بریندار بوون.