هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا

16:31 - 18 خەزەڵوەر 2720

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "خوسرەو شەریفی" کوڕی سابیر خەڵکی گوندی "ئۆغەڵ" سەر بە شاری بانە بەهۆی قورسی برینەکانییەوە کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار کرابوو، لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی چواڕشەممە ٧ی خەزەڵوەر، خوسرەو شەریفی لە گوندی "کێلێـ"ـی شاری بانە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە، تەقەی لێکرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییە کوردە لە سنووری شاری بانە خەریکی موسافیرکێشی بووە و چەند کۆڵبەری وەک موسافیر پێ بووە کە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێ دەکرێت و بریندار دەبێت".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییە کوردە  لەو ڕووداوە سەری بەر گولـلەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی دەکەوێت و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە دەکرێت و بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ  لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دابووە".

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵووەر، تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە شوێنی لەدایکبوونی ئەسپەردەی خاک کراوە.