هاووڵاتییەکی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو

14:10 - 25 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مینی بە جێماوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لە پارێزگای ورمێی بریندار کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەتووی ڕابردوو، بە هۆی تەقینەوەی مین لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری مەهاباد هاووڵاتییەک بریندار بوو.

وێبلاگی \"مین و زندگی\" شوناسی ئەو هاووڵاتییە بریندارەی بە ناوی \"داوود قەدیسیان\" تەمەن ٣٧ ساڵە ڕاگەیاندووە.

تەقینەوەی ئەو مینە بە جێماوەی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە کاتێکدایە کە مەودای شاری مەهاباد هەتا نزیکترین ناوچەی سنووری، لانیکەم ١٥٠ کیلۆمێتر دەبێت.

ئێران بە پانتایی چوار میلیۆن هێکتار ئالوودە بە مین و زیاتر لە ١٦ میلیۆن مینی بە جێماوەی شەڕی هەشت ساڵە لە ٥ پارێزگا، بە دووهەمین وڵاتی ئالودە بە مین لە جیهان بە ئەژمار دێت.

لە هەواڵێکی هاوشێوەدا ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لە کوژران و بریندار بوونی دوو مێر منداڵ لە شاری سەردەشت کردووە کە بە هۆی تەقینەوەی مین کوژرا و بریندار بوون.

کوردستان میدیا، شوناسی ئەو مێرمنداڵە کوژراوەی بە ناوی \"محەممەد ئەلیاسی\" تەمەن ٨ ساڵە لە گوندی \"چەکۆ\"ی شاری سەردەشت ڕاگەیاندبوو.