هاووڵاتییەکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

10:38 - 16 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "دلێر نەسری" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" و دانیشتووی شاری سنە، پاش بانگهیشتکردنی بۆ لقی ٤ی بەڕێوەبەری تاوانەکانی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای قەرارگای شارام‌فەر لە شاری سنە کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی و پاش پشکنینی ماڵەکەی هێندێک کەرەستەی شەخسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، دلێر نەسری پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

کۆتاییەکانی ساڵی ٩٨، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" دادگایی  و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" و "بەزاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی لە ئێران" بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، کە حوکمی یەکساڵ زیندانی تەعزیری بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی، گۆڕدرا بە پارەی نەختی و حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، پشتڕاست کرابووە.