هاووڵاتییەکی روانسەری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا

13:13 - 1 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری روانسەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە ٢٥ی رەزبەر هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری روانسەر بەناوی \"حەیدەر مەنسووری\" تەمەن ٢٥ ساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەیدەر مەنسووری خێزاندارە و باوکی منداڵێکی تەمەن ٢ ساڵانەیە کە بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە.

دەگوترێت کە هێزە ئیتلاعاتییەکان وێرای پشکنینی ماڵی حەیدەر مەنسووری، دەستیان بە سەر کتێب و موبایل و هێندێک کەرەستەی تایبەتی ناوبراویشدا گرتووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری روانسەر، هیچ هەواڵێک لە بەر دەست‌دا نییە.