هاووڵاتییانی نیشتەجێی سەرسنوورەکان، هەڕەشەی تەقەیان لێ‏کرا

21:22 - 15 رێبەندان 2715
‌ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دانیشتووانی گوندێکی هەورامانیان لە دابین بوونی بژیوی ژیان بێ‏بەش کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەنگی سەرسنووری سەوڵاوا لە پارێزگای کوردستان، سەرباری ئاگادارکردنەوەی هاتوچۆ لە ڕێگا سنوورییەکان، هەڕەشەی کردووە کە لادان لەو ڕێنماییانە، ئاکامێکی قورسی بەداوە دەبێت.

ئەو کارەی هێزەکانی سپای پاسداران لە سەرەتاکانی ئەو حەوتوویە، لە ڕێگا سنوورییەکانی گوندی \"دەرەکێ\"ی سەربە بەخشی هەورامانی تەخت جێبەجێ کراوە.

پەیامنێری هەواڵدەریی کوردپا لە سەوڵاوا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە، ڕایگەیاند: \"کۆڵبەری، تەنیا سەرچاوەی داهاتی هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیەیە\".

لە درێژەدا هاتووە: \"نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوو، پێشنوێژی ئەو گوندەیان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کردووە و فەرمانیان پێداوە کە لە ڕێگای نوێژی هەینییەوە، خەڵکی لە قەدەغە بوونی هاتوچۆی سەرسنوورەکان ئاگادار بکاتەوە\".

هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەی ئەوەیشیان کردووە کە سەرپێچی لە بڕیارەکان، ئاکامی گیانیی بەدواوە دەبێ و سەرپێچی‏کاران خۆیان بەرپرسیار دەبن بەرانبەر دەرئەنجامەکانی.

یەکێک لەو کەسانەی کە پێداویستیی ڕۆژانەی لە رێی کاسبیی سەرسنوورەوە دابین دەکرێت، لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا بە هەوڵدەریی کوردپای گوت: \"بەڕاستی ئەو بڕیارە بە پێچەوانەی مەسڵەحەتی خەڵکەکەیە و دانیشتووانی دەرەکێ بە توندی دژی ئەو جۆرە کردەوەن\".

بە وتەی ئەو هاووڵاتییە، بنەڕەتی دابین بوونی بژیوی ڕۆژانەی خەڵک، هەر لەم ڕێگا سنوورییانەوە دابین دەبێ و بەم نزیکانە لە پێناو پێداچوونەوەی ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکان بە بڕیارەکەیان‏دا، دژکردەوەمان دەبێت\".

پێشگرتن بە بژیوی ژیانی خەڵک لەکاتێکدا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە، کە پێشتر فەرماندەری سپای کوردستان، گەشەی ناوچەکەی بەستبووەوە بە داخستنی سنوورەکان.

ئەو بەرپرسە نیزامییە هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا لە لێدوانێکی پێکناکۆک لەتەک ئەم قسانەدا، وتوبووی: \"سپای کوردستان بە هاوکاریی چەند دامودەزگایەکی دیکە و لە ڕۆژانی داهاتوودا، بازارچەکان دەکاتەوە تاکوو خەڵک لەم ڕێگایەوە بژیوی ژیانیان دابین بکرێت\".

بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوونەتە دەست ئاژانسی کوردپا، هەموو ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، بە درێژایی ١٥٥٠ کیلۆمیتر، پەرژین دەکرێت و شوێنی دیدەبانیی نیزامیی بۆ دادەنرێت.