هاوكاری نەكردنی ئێران لەگەڵ پشكێنەرانی ئاژانس، بووە هۆی راگرتنی دانوستانەكان

15:18 - 3 رەشەمه 2711
كوردپا: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 3ی رەشەممە بڵاوی كردەوە، وتووێژی نوێنەرانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی، بەهۆی هاوكاری نەكردنی ئێران، گەیشتە بنبەست.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكی سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی لەمەڕ نەگەیشتن بە رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران، لەمەڕ ئەو دانوستانە كە وەك \"دوایین دەرفەت\" وەسف كراوە، داكۆكی كردۆتەوە كە ئێران پێشی بە پشكێنەرانی ئاژانس گرتووە و نەیهێشتووە سەردانی ناوەندی ئەتۆمیی \"پارچین\" بكەن.

لە بەیاننامەكەی ئاژانسدا كە لەم بارەوە بڵاو كراوەتەوە، هیچ ئاماژەیەك بە خولی داهاتووی دانوستانەكان نەكراوە.

پكشێنەرانی ئاژانس كە نزیك دوو حەفتەیە سەردانی ئێرانیان كردووە، بڕیارە راپۆرتێك لە دیدار و پشكنینەكانی خۆیان لە ئێران لە دانیشتنی داهاتووی ئاژانسدا پێشكەش بە شۆرای بەڕێوەبەری بكەن.
یۆكیا ئامانۆ لە بەیاننامەكەدا وتوویەتی: \"دژایەتیی ئێران لەگەڵ داخوازیی ئاژانس بۆ سەردانی ناوەندی ئەتۆمیی پارچین جێگای نیگەرانیە\" و راشیگەیاندووە، ئێمە بە مەبەستی چارەسەری دەستمان بە دانوستان كرد، بەڵام نەمانتوانی بگەینە ئەنجامێك.

سەرەڕای ئەوەی كە ئاژانس باسی دیداری داهاتوو و دەست پێكردنەوەی دانوستانەكان نەكردووە، بەڵام عەلی ئەسغەر سوڵتانیە نوێنەری ئێران لە ئاژانس رایگەیاندووە: \"ئەم وتووێاژنە لە داهاتوودا درێژەیان دەبێت\".

پێشتر وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكا لەمەڕ دەست پێكردنەوەی دانوستان ئەتۆمییەكان لەلایەن ئێرانەوە، بە پارێزەوە هەڵوێستیان گرتبوو.

ناوەندی ئەتۆمیی پارچین لە نزیك تاران هەڵكەوتووە كە رێگە نەدرا پشكێنەرانی ئاژانس سەردانی بكەن و بەپرسانی ئاژانسیش گومانی لەوە هەیە كە ئەو ناوەندە سەر بە سەنایعی بەرگریی ئێرانە و وڵاتانی رۆژئاواش بە نیسبەت چالاكییەكانییەوە بە گومانن.