هاجەر پیری لە نالەبارترین دۆخدا دەژی

15:56 - 19 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: هاجەر پیری چالاکی سیاسیی کورد لەلایەن بەرپرسانی ئەمنیەتیی زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز، بە جیایخواز و تێرۆریست ناوی دەبن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوو، هاجەر پیری، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دۆخی نالەباری خۆی لە زیندانی شاری تەورێز، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەو چالاکە سیاسییەی خەڵکی شاری نەغەدە، لە نێو زینداندا، هەنووکە لە بەندی \"بکوژان و تووشبووان بە ماددەی سڕکەر\" ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندانی شاری تەورێزەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هاجەری تەمەن ٣٣ ساڵە، لە ژێر زەخت و گوشاری توندی هێزە ئەمنیەتییەکاندایە و لە ١٤ی بەفرانباری ئەم مانگەوە مانی لە خواردن گرتووەو و بە بەردەوامی لە لایەن مەئموورەکانی زیندانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە؛ هێزە ئەمنیەتییەکان ئەو ژنە چالاکە سیاسییە کوردەیان بە کوردی جیایخواز و سەر بە حیزبە تێرۆریستە کوردییەکان ناوبردووە.
هاجەر بە قەبێح زانینی بەکارهێنانی وشەی تێرۆریست، ئەو وتانەی بەرپرسانی زیندان و ئەو درۆ و دەلەسانەی ڕەت کردۆتەوە وێڕای پێداگریی لە سەر شوناسی نەتەوەیی خۆی، گوتوویە کە: \"ئێمە کوردین، کەرامەت و وێژدانم نرخی نیە کە من بتوانم هەرزان فرۆشی بکەم.\"

ئەو سەرچاویە لە وەڵامی، پرسیاری هەواڵنێری کوردپا سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی ئەو ژنە چالاکە کوردە ڕوونی کردەوە کە؛ هاجەر لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژی و هیچ کەسێک بەرانبەر بارودۆخی ناوبراو وەڵامدەر نیە.

هاجەر پیری لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٦ی هەتاوی دەستبەسەر و لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە زیندانی ناوەندیی شاری کرمانەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز.

نابراو، لە کاتێکدا کە تەمەنی ١٧ ساڵ بووە، ٨ ساڵ و حەوت مانگ بەبێ چاوپێکەتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندی پەیوەندییدار بە کەسانی بکوژ و گیرۆدەبوو بە ماددەی سڕکەر لە زیندانی شاری \"کرمان\"دا تێپەڕاندووە.

لە ئێستادا ١٦ ژنی سیاسی کورد لە زیندانەکانی ئێراندان.