نیکبەخت: یاسای بنەڕەتیی ئێران یاسایەکی کامڵ نییە

19:58 - 4 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: هەرێمی ژیانی شەخسی لە سیستەمی یاسایی ئێراندا بابەتی باس و لێدوانی هەواڵنێری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەگەڵ محەمەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەری پلەی ١ لە دادگاکانی ئێرانە، کە لە بڵاڤۆکی \"مافی ئێمە\"دا چاپ بووە.

ناوبراو لە سەرەتادا ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆرێک لە یاساکانی ئێران بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران پەسند کراون و ساڵح نیکبەختیش بۆ \"لەبەرچاو گرتنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک\" دەستەواژەی \"هێندێک\" بەکار دینێت.

ئەو پارێزەرە کوردە، ماددەی ٢٠ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە سنووردار کردنی ماددەی ١٩ سەبارەت بە مافی پێکهاتە جیاووازەکانەوە، لە قەڵەم ئەدات.

نیکبەخت لەو باوەڕەدایە، کە دەستەبەربوونی مافی ژنان و پێڕەوانی سوننی مەزهەب دوو کۆسپی ئێستای وڵاتی ئێرانن و لەو باوەڕەشدایە کە زۆربەی ژنان و هاووڵاتییانی سوننی مەزهەب بە ئاشکرا لە بەڕێوەبەرایەتیی دادوەری، نیزامی و بەڕێوەبەرایەتیی (سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی) وڵاتدا بێبەش کراون.

\"24952.jpg\"
محەمەد ساڵح نیکبەخت: یاسای بنەڕەتیی ئێران یاسایەکی کامڵ نییە
نیکبەخت لەو بارەیەوە ئاماژەی بە دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی مەجلیسی ئیسلامی کردووە، کە لەماوەی ٣٦ ساڵی رابردوودا تەنانەت نوێنەرێکی سوننی مەزهەب لە پێکهاتەکەیدا بەشدار نەبووە.

بە گوتەی ئەو پارێزەرە کوردە، هێندێک لە بنەماکانی یاسای بنەڕەتی حکوومەتی ئیسلامی، لە راستیدا پێشێلکردنی یاسا و خۆدزینەوە لە جیبەجێ کردنیەتی.

ئاماژەی نیکبەخت بۆ ماددەی ١٦٨ی یاسای بنەڕەتیی ئێران بووە، کە بەستراوەتەوە بە پەسندکرانی یاسای گشتی و پەسند نەکرانی ئەو یاسایەش تاوانی سیاسییە و لەگەڵ ئەوەشدا یاسای چۆنیەتیی پەروەردە کردن بە زمانی زگماکیش هەتا ئێستا کاری پێ‌نەکراوە.

لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئاخۆ کێشەکان پەیوەندییان بە پێشێلکردنی یاساوە هەیە یان جێبەجی کردنی نابەجێی یاسا، دەڵێت: بەشێک لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی هەرێمی شەخسیی بۆ نموونە دەستدرێژی بۆ سەر گیانی تاک، بۆ روانگەیەکی کۆمەڵایەتی – فەرهەنگی دەگەرێتەوە. تێکڕای ماددە یاساییەکان بەتایبەت یاسای سزادان، لەو حاڵەتانەیدا کە دەستدرێژی کراوەتە سەر گیانی تاکەکان لە هەر ئاستێکی تەمەنیدا بێت، بەدواداچوونی بۆ کراوە، بەڵام بە هۆی ئەو شڕۆڤە جۆراوجۆرانەی کە لێی دەکرێت، هەڵاواردنیش دێتە ئاراوە.