نوێنەرێكی پێشووی مەجلیس: 10 میلیۆن كەس لە ئێران بێكارن

14:25 - 9 جۆزەردان 2712
كوردپا: ئەندامی كۆمیسیۆنی كۆمەڵایەتیی مەجلیسی هەشتەمی ئێران رایگەیاند، زانیارییەكانی ناوەندی ئاماری ئێران لەگەڵ رێژەی حەشیمەتی بێكارانی وڵات ناتەباییان هەیە و ئێستا لە ئێران 10 میلیۆن بێكار هەیە.

داریووش قەنبەری، لەمەڕ بێكاری و زیادبوونی رێژەی بێكاری بە هەواڵدەریی \"اكونیوز\"ی راگەیاندووە: بێكاری نەتەنیا بۆ ئێران بۆتە پرسیكی جیددی، بەڵكوو بۆ زۆرێك لە وڵاتان لەگەڵی بەرەوڕوون و وتیشی، راپۆرتەكانی ناوەندی ئاماری ئێران ئەوە دەردەخەن كە نرخی بێكاری لە ساڵی 1390، 8/2 میلیۆن كەس بووە كە بەڕای من ئەو رێژەیە راست نیە و لەگەڵ واقیعی كۆمەڵگا لە ناتەبایی دایە.

قەنبەری نوێنەری ئیلام لە مەجلیسی هەشتەمی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەوەشی زیاد كردووە كەلە حاڵی حازردا حەشیمەتی بێكارانی ئێران گەیشتۆتە 10 میلیۆن كەس، چونكە لێكدانەوەكانی ناوەندی ئاماری ئێران راست نین، بۆ وێنە سەبازەكانی وڵاتیشیان لە ریزی گرووپی خاوەن كار لە قەڵە داوە.
\"4693.jpg\"
قەنبەری وتووشیەتی:زۆرن ئەو خوێندكارانەی كە بە هیوای دیتنەوەی كار بە تەمای خوێندن لە زانستگاكانن، كەوایە بەپێی ئەو لێكدانەوەیەی ناوەندی ئامار دەبێ‌ ئەمانەش وەك كەسانی خاوەنكار لە قەڵە بدرێن، كەچی وا نیە.

ئەو نوێنەری پێشووی مەجلیسی حكوومەتی ئێران وتووشیەتی:هەتا ئێستا لە ئێران پێناسەیەكی دروست لە بێكاری نەخراوەتە روو و ئەم گرفتەش تەنیا بەهۆی نەبوونی لێكدانەوەیەكی دروستی ناوەندی ئاماری ئێرانە كە بە وردی هەموو لایەن و بەستێنەكان لێك ناداتەوە و حەشیمەتی چالاك و ناچالاكی وڵاتی لێك جیا نەكردۆتەوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان رێژەی راستەقینەی بێكاری لە ئێران زۆر لەو رێژەیەی كە ناوەندی ئامار بڵاوی دەكاتەوە زیاترە.

بەپێی ئامار و زانیارییەكان تەنیا لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بەهۆی داخرانی كەرتەكانی كار، كێشەی ئابووری و كێشەی نێوان خاوەن كار و كرێكاران، نزیك بە 7 هەزار كرێكار بێكار یان لەسەر كار دەركراون و رۆژ لە دوای رۆژ ئەم رەوتە هەر بەردەوامە.