نوێنەرێكی مەجلیس: \"عەلی یوونسی بە مەبەستی دووبەرەکی نانەوە لەو پۆستە دانراوە\"

13:19 - 17 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: قسەكانی راوێژكاری تایبەتی رۆحانی بۆ كاروباری کەمینە نەتەوەیی\" و \" ئایین\"یـەكان لەگەڵ دژكردەوەی توندی نوێنەرێكی بناژۆخوازی مەجلیس لە ورمێ‌ بەرەوڕوو بۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی لە ورمێ‌، قسەكانی چەند رۆژ لەمەوبەری عەلی یوونسی لەچاوپێكەوتن لەگەڵ چالاكانی سیاسیی كورد بە \" دووبەرەکی و ئاژاوە نانەوە\" لە قەڵەم داوە و وتوویەتی: لێدوانەكانی ئەو كەسە هیچ پێوەندییەكی بە یەكیەتی و یەكڕیزییەوە نییە.

\" ندای ورمێ‌\" لەزاری نادر قازی پوورەوە بڵاوی كردۆتەوە، كارنامەی عەلی یوونسی لێوانلێوە لە كێشە خولقێنی و ئاژاوەچییەتی.

وتەكانی ئەو نوێنەرەی مەجلیس لەكاتێكدایە كە رێكەوتی ٦‌ی بەفرانبار عەلی یوونسی لەچاوپێكەوتن لەگەڵ ئەندامانی بەرەی یەكگرتووی كورد وتبووی: ئازەرییەكان پێشتر كورد بوون و دواتر بوون بە ئازەری.

قازی پوور لەدرێژەدا ئەندامانی بەرەی یەكگرتووی كوردیشی بە\" جیایی خواز و ئاژاوەچی\" تاوانبار كردووە و داواشی لە راوێژكاری تایبەتیی رۆحانی كردووە هەر چی خێراتر داوای لێبوردن لە خەڵک و بەرپرسانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بكات.

قازی پوور ئەوەشی خستەڕوو، \"شێرەكوڕەكان\"ی ئازەربایجان بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەن كە كەسانی وەكوو یوونسی كێشە و دووبەرەكیان بۆ دروست بكات.

لەدانیشتنی دوو حەفتە لەمەوبەری چالاكانی سیاسیی كوردستان لەگەڵ یوونسی باس لەوە كرابوو، نزیك بە ٦٤% دانیشتوانی ورمێ‌ كوردەكان پێكی دێنن.

ئەو قسانە لەحاڵێكدایە كە بەرەی یەكگرتووی كورد لە رێكەوتی ١٤ بەفرانباردا لە بەیاننامەیەكدا، هەڵەتێگەیشتنەكانی لەو دانیشتنە مەحكووم كرد و رایگەیاندبوو، مەبەست لەو دانیشتنانە گواستنەوەی نیگەرانیی كوردەكان كە بە\"یەكێك لە بنەماڵە گەورەكانی ئێران دێنە ئەژمار\" بە بەرپرسانی باڵایە و لەلایەكی دیكەوە ئامانجی ئێمە بەدواداچوون بۆ ویستی كوردەكان و كەمینە نەتەوەكانی دیكە لەچوارچێوەی بەیانامەی ژمارە ٣‌ی حەسەن رۆحانییە كە لە هەڵبژاردنەكانی ٩٢دا بەڵێنی جێبەجێ‌ كردنی دابوو.