نوێنەرێكی مەجلیس: ئابووری ئێران پێشكەوتنێكی ئەوتۆ لەساڵی تازەدا بە خۆیەوە نابینێت

22:21 - 11 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی كوردپا: عەلی محەممەد ئەحمەدی ئەندامی كۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە دەسپێكی ساڵی تازەوە گەشەی ئابووری ئێران نەرێنی بووە.

ئەو لێپرسراوە وتیشی: ئابووری ئێران لە ساڵ ١٣٩١دا هیچ گەشەیەكی بە خۆیەوە نەبینی و بەرپرسانی ئێران لە هەوڵی ئەوەدان دۆخی ئابووری لە ئێران باشتر بكەن.

ئەو نوێنەرەی مەجلیس لەو باوەڕەدایە، زۆر ئەستەمە كە لێپرسراوان بتوانن دۆخی ئابووری حكوومەتی ئێران بەرەو باشتر بوون بەرن.

عەلی محەممەد ئەحمەدی لە درێژەی قسەكانی بۆ هەواڵدەریی ئیسنا وتوویەتی: ساڵی ١٣٩١ ئەستەمترین ساڵ بۆ ئابووری ئێران بوو و خەڵكی لەگەڵ قەیرانێكی بێ‌وێنە بەرەو روو بوونەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ماوەیەك لەمەوبەر سەركۆماری ئێران رایگەیاندبوو، لە ساڵی ١٣٩٢دا هەوڵ دەدەین كە لە ئێراندا شایەتی گەشەی ئابووری ببین.
ئەمانە لەحاڵێک دان کە خامنەیی رێبەری ئێران ساڵی ١٣٩١‌ی بە \"پشتیوانی لە بەرهەمهێنان و کار و سەرمایەی میللیی\" ناودێڕ کردبوو.
لەو ساڵەی کە تێپەڕی گرانیی و هەڵاوسان وای کرد کە توانای کرینی شتومەک لەلایەن هاووڵاتییانە بگاتە نزمترین ئاستی خۆی و سفرەکانی خەڵکی رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرەو چکۆلە بوون رویشتن.