١٨٠ نوێنەری مەجلیس سەبارەت بە سنووری خوسرەوی هوشدارییان بە رۆحانی دا

15:07 - 11 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: بەردەوامیی داخرانی دەروازەی سنووریی خوسرەوی لەشارستانی قەسری شیرین، ناڕەزایەتی دەربڕینی دەیان نوێنەری مەجلیسی ئیسلامیی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ١٨٠ نوێنەری مەجلیس لە نامەیەكدا وێڕای هوشداری دان بە سەركوماری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، خوازیاری كردنەوەی دووبارەی سنووری خوسرەوی لە ئوستانی كرماشان بوون.

لەو نامەیەدا ئاماژە بە زەرەرمەندبوونی هاووڵاتیانی كورد، بازرگانان و خاوەن میوانخانەكان كراوە.

نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی لەقەسری شیرین، وێڕای نووسینی ئەو نامەیە باسی لەوەش كردووە، نزیک بە چەند ساڵە كە خاڵی سنووریی خوسرەوی داخراوە و ئەو پرسە تێكشكانی ئابووری و رۆیشتنی خاوەن میوانخانەكانی لێكەوتۆتەوە.

\"23964.jpg\"
١٨٠ نوێنەری مەجلیس لە نامەیەكدا وێڕای هوشداری دان بە سەركوماری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، خوازیاری كردنەوەی دووبارەی سنووری خوسرەوی لە ئوستانی كرماشان بوون
\"نەبوونی ئەمنیەت لە بەشی عێراق\" هۆكارێكی دواخستنی كردنەوەی سنوورەكەیە، كە لەلایەن فەتحوڵڵا حوسێنیەوە باس كراوە و لەوتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر ئەوەشی خستۆتەڕوو، كە محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی حكوومەتی ئێران ئەو پرسەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ‌ كردووە.

شارستانی قەسری شیرین نزیك بە ١٨٦ كیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە و لەگەڵ دوو خاڵی سنووری پەروێزخان و خوسرەوی هاوسنوورە و ئەو دوو سنوورە لە نزیك خانەقین لە هەرێمی كوردستان هەڵكەوتوون.

دەوترێت بە هۆی داخرانی سنووری خوسرەوی، سزای نەختی بە بڕی یەك ملیارد تمەن لەلایەن بانكەكانەوە بۆ خەڵكی ناوچە و خاوەن میوانخانەكانەوە بەهۆی خۆبواردنیان لەدانەوەی قەرز(وام)، بڕدراوەتەوە.

بەر لەداخرانی سنووری خوسرەوی، رۆژانە ١٥٠٠ كەس بەو خاڵە سنووریەدا هاتوچۆیان كردووە.