نوێنەریكی مەجلیس: دابەزینی گەشەی ئابووری و زۆر بوونی بێكاری ئاسەواری ئامانجدار كردنی یارانەكانە

14:22 - 24 رەشەمه 2711
كوردپا: حەمید رەزا فوولادگەر نوێنەری ئیسفەهان لە مەجلیس رایگەیاند، دابەزینی گەشەی ئابووری و چوونە سەری رێژەی بێكاری لە ئاسەوار و بەرەنجامەكانی هەڵاوسانی قۆناخی یەكەمی ئامانجدار كردنی یارانەكانە.

لێپرسراوی تایبەتی كۆمیسیۆنی چاوەدێری بەڕێوەبردنی سیاسەتەكانی ئەسڵی 44‌ی مەجلیس وتی: لە نیوەی دووەمی ساڵی 1390دا هەڵاوسانی ئابووریی وڵات زۆر بە روونی بەر چاو دەكەوێت.

هەر لەو پێوەندییەدا ئێكۆنۆمیست لە تازەترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی كردۆتەوە، گەشەی ئابووریی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی داهاتوودا ئاستی دەگاتە خوارەوەی سیفر و 8%.
یەكەی زانیاریی ئێكۆنۆمیست شیمانەی ئەوە دەكات كەلە ساڵی 1392‌دا گەشەی ئابووریی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران روو لە كزی دەكات.

هەر لەو پێوەندییەدا بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئێران لە ساڵی 2012دا گەیشتۆتە 2% و بە نیسبەت ساڵی پێشوو 9/ 2% دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە.

بە باوەڕی كارناسانی ئابووری كەش و دۆخی بازار بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی گەشەی ئابووری دێتە ئەژمار و بەپێی راپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی، حكوومەتی ئێران لە بواری رەخەساندنی دەرفەتی كاردا لە نێوان 183 وڵاتی جیهان پلەی 144ی هەیە.

لەلایەكی دیكەوە داریوش قەنبەری نوێنەری مەجلیس و یەكێك لە رەخنەگرانی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد رایگەیاندووە، بەهۆی بەڕێوەبردنی سیاسەتی هەڵەی ئامانجدار كردنی یارانەكان بایەخی پارەی میللی \"ریال\" لە هەمبەر زێڕ نزیك بە 200% دابەزینی هەبووە.