نوێنەرانی پارلەمانی ئورووپا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران هۆشداریان بە زەریف دا

15:12 - 28 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: نوێنەرانی پارلەمانی ئورووپا، ڕوو لە محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایانگەیاند کە؛ حکوومەتەکەی کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،نوێنەرانی پارلەمانی ئورووپا، ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەدانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕوو لە محەممەدجەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاند کە؛ حکوومەتەکەی کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بێنێت و ئەو دۆخە کۆتایی پێ بێنن.

لەو بارەیەوە ماڵپەڕی فەرمیی پارلەمانی ئورووپا بڵاوی کردەوە کە؛ نوێنەرانی پارلەمانی ئورووپا ڕوو لە زەریف گوتیان کە سزای مەرگ، ئیعدامە ئاشکراکان و ڕاوەدوونانی قەزایی ڕۆژنامەنووسان و وێبلاگ‌نووسان لە ئێران‌،جێگای قەبووڵ‌کردن نیە.

لە بەشێکی دیکەدا نوێنەرانی پارلەمانی ئورووپا، داوایان لە زەریف کرد کە حکوومەتی ئێران کۆتایی بە سەرکوت و پێشێلکردنی مافی کەمینە ئایینییەکانی وەک بەهایی و کەمینە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان بێنت و ئەگەر حکوومەتی ئێران ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکات، لەسەر پێوندییەکانی داهاتوویان کاریگەری دادەنێت.

زەریف لە وڵامی ئەو داواکارییەی نوێنەرانی پارلەمانی ئورووپادا ڕایگەیاندووە کە؛ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا پێویستی بە باشتربوون هەیە و ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە هەڵبژاردنەکانی ئێران دەرخەری بوونی دێموکراسی لەو وڵاتەیە.

زەریف هەروەها باسی لە پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی مرۆڤ و هەڵاواردنی نژادی و ئایینی و ئیتنیکی لە ئورووپادا کردووە.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دام ودەزگا و بەرپرسانی ئێران بەوە تاوانبار دەکەن کە مافی مرۆڤ لە ئێراندا پێشێل دەکەن و ئەوەش لە ڕاپۆڕتەکانی ماڤی مرۆڤ‌دا، بەردەام دەخرێتە بەرباس.

لە ڕاپۆڕتی جیهانیی ساڵی ٢٠١٥ی چاودێریی مافی مرۆڤدا هاتووە کە؛ \"کەسانی سەرکوتکەر لە هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان و دەزگای قەزایی ئێراندا، دەسەڵاتی بەربڵاوی خۆیانوەرگرتووە و لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا، تاوانی گەورەیان دژی مافی مرۆڤ ئەنجام داوە\".