نووسەرێكی كورد لە شاری پاوە دەستبەسەر كرا

15:19 - 30 رێبەندان 2711
كوردپا: چەند رۆژ لەمەوبەر چالاكێكی فەرهەنگی شاری پاوە لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر نەجیب حەسەنی لە چالاكانی فەرهەنگی پاوە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كراوە.

هێزە ئەمنیەتییەكان وێڕای دەستبەسەر كردنی نەجیب، چوونەتە شوێنی كار و ماڵی ئەو هاووڵاتییە كوردە و دەستیان بەسەر كۆمپێوتێر و كۆمەڵێك كتێبدا گرتووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری كوردپا لە پاوە، نەجیب حەسەنی لە چالاكانی فەرهەنگی ناسراوی پاوەیە و هەروەها لە بواری ژەنینی شمشاڵدا ماموستایەكی بەتوانایە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە زانیارییەك لە هۆكاری دەستبەسەر كردن و شوێنی راگیرانی ئەو چالاكە فەرهەنگیەی كورد لەبەر دەستدا نیە.

توندتر بوونەوەی گوشارەكان بۆ سەر چالاكانی فەرهەنگی كورد

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا گوشارەكان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیی ـ نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر چالاكانی فەرهەنگی كورد رووی لە زیاد بوون كردووە.

\"3503.jpg\"
بورهان غەسالی چالاكی فەرهەنگی

لە حەفتەی رابردوودا یەكێكی دیكە لە چالاكانی فەرهەنگی شاری بانە بە ناوی بورهان غەسالی بە هۆی هەڕەشە و گوشاری ئەمنیەتی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت.